هەڵمەتەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر سوپای تیرۆر
میدیاکانی ڕژێمی زایونی ڕایانگەیاند: پاش هێرشە موشەکییەکانی حزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر ھەرێمی ژێر دەستەڵاتی ڕژێمی زایونی، شارۆچکەیەکی زایونی نشینی دیکەش چۆڵ کراوە.
سەرەڕای هێرشەکانی دڕندانەی ڕژێمی زایونی دژ بە لوبنان و شکستی ئەم ڕژێمە لە وەدیهێنانی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی شەڕەکەی، حزبوڵڵا ڕۆژانە سەرکەوتنی زیاتر دەنەخشێنێ و لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی نزیکتر دەبێتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، میدیاکانی ڕژێمی زایونی ڕایانگەیاندووە کە زایونییەکانی دانیشتووی "بەیت حەعیمەک" بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دوای داکەوتنی موشەکەکانی حزبوڵڵای لوبنان شارۆچکەکەیان پێ چۆڵ کراوە.ناوچەی داگیرکراوی«عەمیکا»ش ھەرلە ئەنجامی هێرشی موشەکیانەی حزبوڵڵای لوبنان بووەتە چێژی ئاگر.
هەروەها تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لەگەڵ فڕۆکەکانی دامرکاندنەوەی ئاگر هەوڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە دەدەن کە لە شارۆچکە زایونی نشینەکانی "حەعیمەک" و "ئوشرات" لە ئەلجەلیلی داگیرکراو کەوتووەتەوە.
ڕۆژنامەی زایۆنیستیی "یەدیعوت ئەحارۆنۆت"یش ڕایگەیاندووە کە نەخۆشخانەی زایۆنیستیی "نەهاریا" ٢ برینداری هێرشە موشەکییەکانی ئەم دواییەی حزبوڵڵای لوبنانی وەرگرتووە.
هەروەها میدیاکانی ڕژێمی زایونی باسی بەرز بوونەوەی دەنگی قیژۆکی مەترسییان کردووە لە ناوچە داگیرکراوەکانی "میسکاف عام"، "کەفەر گلعادی"، "دان"، "دەفنا"و "سەنیر".
هەروەها سەرچاوە میدیاییەکان باسی چەندین هەڵمەتی حزبوڵڵای لوبنانیان کردووە بۆ سەر ناوچەکانی باکووری فەلەستینی داگیرکراو بە تایبەت شارۆچکەی «کریات شەمونە» و ئاگرکەوتنەوە لەو ناوچانەدا.
پەیامنێری ئەلمەیادین لە باشووری لوبنانیش ڕایگەیاندووە کە مۆڵگەکانی لەشکریانی سوپای تیرۆریستی زایۆنی لە دەورووبەری «مسکاف عام» لە «ئەسبەع ئەلجەلیل» کراونەتە ئامانجی موشەک و ھاوکات لەگەڵ داکەوتنی موشەکەکانیش ، زرمەی چەندین تەقینەوە لە بەشی ڕۆژهەڵاتی سنوورەکانی باشووری لوبنان بیستراوە.
ئەلمەیادین وای بڵاو کردووەتەوە کە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕژێمی زایونی نەیتوانیوە شوێنی ئەو موشەکانە بگرێ و لە ئەنجام دا چەندین مووشەک لە ھەرێمی ژێر دەستەڵاتی ڕژێمی زایونی کەوتوون.
پێشتریش میدیاکانی غیبری زمان دانیان بەوەدا نابوو کە ژیانی زایۆنییەکان لە ناوچەکانی باکووری سەرزەوییە داگیرکراوەکان بە تەواوی پەکی کەوتووە. میدیا عیبرییەکان نیگەرانی خۆیانیان لەوە دەربڕیوە کە ھەموو ڕۆژێک شایەتی فڕینی زۆرێک خۆفڕو ھاوێژرانی سەدان موشەک لەلایەن هێزەکانی حزبوڵڵاوەن.