ئاب 24, 2023 19:02 Asia/Tehran
  • مەسرور بارزانی لە میانەی کۆبوونەوە لەگەڵ هاکان فیداندا: هەرێم نابێتە شوێنێك بۆ ناسەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق، پێشوازیی له‌ هاکان فیدان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كرد و پاش كۆبوونەوەی نێوانیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا بەشدارییان کرد.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق رایگەیاند: ئێمە گفتوگۆمان لەسەر كۆمەڵێك بابەتی گرنگی ناوچەكە كرد، لەوانە پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان توركیا و عێراق و بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان. هەروەها بابەتی چۆنیەتیی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كە بەپێی ئەو مافە دەستوورییانەی كە هەرێمی كوردستان هەیەتی، بتوانین لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵییش ئەم كێشەیە بە جۆرێك چارەسەر بكەین كە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدا بێت.

لەسەر باسی ئەمنیەت مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا: هەروەها لەسەر بابەتی ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچەكە، ئێمە دڵنیاتان دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی جێبەجێ دەكات كە نابێ ببێتە شوێنێك بۆ ناسەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ. هیوادارین پەیوەندیی نێوانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی هەموو جۆرە تیرۆرێك و هەموو جۆرە ناخۆشییەك ببینەوە كە لە ناوچەكەدا هەیە.

لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق ڕوونیشی کردەوە: لە ڕووی ئابوورییشەوە قسەمان كردووە لەسەر چۆنیەتیی پەرەپێدانی ئابووریی نێوان هەردوولا كە لە بەرژەوەندیماندا بێت و بتوانین ئەو كێشە و گرفتانەی ئێستاش هەن، چارەسەر بكرێن.

 

سەرپەیڤ