تشرینی دووه‌م 09, 2020 09:11 Asia/Tehran
  • میدیاکانی سوریا: چوار سه‌ربازی ئه‌مریکا له‌ حه‌سه‌که‌ کوژران

ئاژانسی هه‌واڵی سانا-ی سوریا بڵاویکرده‌وه‌ که‌ له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا، چوار سه‌ربازی سوپای ئه‌مریکا له‌ شاری حه‌سه‌که‌ کوژراون.

ئاژانسی سانا، زمانحاڵی حکومه‌تی سوریا بڵاویکرده‌وه‌ که‌ له‌ ده‌وروبه‌ری شاری حه‌سه‌که‌، بۆمبێکی چێنراو به‌ ئۆتۆمبیلێکی سه‌ربازیی هێزه‌کانی ئه‌مریکادا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ چوار سه‌ربازی ئه‌مریکا کوژراون.

ئاژانسه‌که‌ له‌زاری سه‌رچاوه‌ ناوخۆییه‌کانی حه‌سه‌که‌وه‌ بڵاویکردوته‌وه‌ که‌ بۆمبه‌که‌ له‌ شارۆچکه‌ی مه‌رکه‌ده‌ له‌سه‌ر رێگای گشتیی نێوان حه‌سکه‌ و دیرئه‌لزور به‌ ئۆتۆمبیله‌ سه‌ربازییه‌که‌ی ئه‌مریکادا ته‌قیوه‌ته‌وه‌و  ئاکامه‌که‌ی کوژرانی ئه‌و چوار سه‌ربازه‌ی ئه‌مریکا بووه‌.

ئەوە لە کاتێکدایە کە وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش رایگەیاند، بڵاوبونەوەی هەواڵی کوژرانی سەربازانی ئەمریکا لە سوریای رەتکردەوە .واین مارۆتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی" بڵاوبونەوەی هەواڵی کوژرانی سەربازانی ئەمریکا رەتدەکەینەوە و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە سوریا سەلامەتن".

دوای ئه‌وه‌ی سوپای تورکیا به‌ ره‌زامه‌ندیی ئه‌مریکا ئۆپراسیۆنی سه‌ربازیی بۆسه‌ر باکووری رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا ، هێزه‌کانی شه‌ڕڤانان له‌ چه‌ندین ناوچه‌ کشانه‌وه‌، دواتر هێزه‌کانی ئه‌مریکا بۆ پاراستنی چه‌ند کێڵگه‌یه‌کی نه‌وتی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی  هەسەدە  مانه‌وه‌ .

 

سەرپەیڤ