کاربەدەستی سووری: بایکۆتەکانی ئەمریکاو ئەورووپا تاوانی جەنگییە
یاریدەری وەزیری دەرەوەی سووریا وتی: بایکۆتەکانی ئەمریکاو یەکێتیی ئەورووپا دژی گەلی سووریا تاوانێکی جەنگییەو زەبری لەژیان و گوزەرانی شارومەندانی سووری وەشاندووە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سووری، «ئەیمەن سوسان» یاریدەری وەزیری دەرەوەی سووریا ڕۆژی سێ شەممە ٢٤ی ئوت لە دیداری «تیری کاریانی» یاسادانەری فەرانسی و ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە دیمەشق، وتی: دوای دەستکەوتە مەیدانییەکان لە ئاستی تیرۆریزم دا، ئەمڕۆ سووریا بەرەوڕووی تیرۆریزمی ئابووریی وڵاتانی دەست درێژکار بووەتەوە.
یاریدەری وەزیری دەرەوەی سووریا وتیشی: ھەنگاوی ملھوڕانە، یەک لایەنەو نایاسایی دژی سووریای یەکێتیی ئەورووپاو ئەمریکا، پێشێل کردنی ئاشکرای مافی نێونەتەوەیی و سادەترین کاروباری مافی مرۆڤە.
یاریدەری وەزیری دەرەوەی سووریا لە بارەی بۆچوونی ھەڵەی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە ڕەوشتی سووریاش پێی داگرت: ئەم بابەتە بۆ سەربەخۆ نەبوونی یەکێتیی ئەورووپاو کەوتنی کوێرکوێرانەی بە دوای سیاسەتەکانی ئەمریکادا دەگەڕێتەوە کە دیارە بە قازانجی گەلانی ئەورووپی نییە.
لە دیدارەکەدا ئەندامەکەی پەرلەمانی ئەورووپاش وتی: سوپای سووریا سەرکەوتوو بووە لەوەی کە زۆربەی ئەو ناوچانەی وڵات کە لەژێر کۆنترۆڵی تیرۆریزم دا بوو بستێنێتەوەو ئێمە دەبێ پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ سووریاو وڵاتانی ناوچەکە سەرلەنوێ دەست پێ بکەینەوە.
«ماریانی» وتیشی: ھەڵوێستەکانی «بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری سووریا لە بارەی بنیات نانەوەی ئەم وڵاتە، گەلێک زیرەکانەیەو ئینجا ھۆکاری شکست ھێنانی ڕۆژئاواو ئەمریکا لە ئەفغانستانی بۆ لێنەھاتوویی لە گۆڕینی کۆمەڵگای ئەفغانستان گەڕاندەوە.