ھێرشی تورکیا بۆ سەر شاری قامیشلوی سووریا کوژراوو برینداری لێ کەوتەوە
ھەسەدە: لە هێرشە ئاسمانییەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر شاری قامیشلوی سووریا چوار چەکداری ھێزەکانی سووریای دیموکرات کوژران و سێی دیکەش بریندار بوون.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات «ھەسەدە» لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کرد: لە هێرشی خۆفرێکی سوپای تورکیا بۆ سەر شاری قامیشلوی سووریا چوار چەکداری ھێزەکانی سووریای دیموکرات کوژران و سێی دیکەش بریندار بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ھەسەدەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە کاتژمێر ١٣:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە، لە قامیشلوی سووریا هێرش کرایە سەر ترۆمبیلێکی چەکدارانی ھەسەدە کە لە ئەنجام دا چوار ئەندامی ھێزەکانی سووریای دیموکرات کوژران و سێی دیکەشیان لێ برینداربوو.
ھەسەدە ئەوەشی ڕاگەیاندوە کە، سوپای تورکیا بەم دواییانە بە هێرشی توندوتیژ و دژەمرۆڤانە لە هەوڵی دروستکردنی ترس و نائاسوودەییە لە ناو خەڵکی سووریادا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە، ئێمە وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات دووپاتی دەکەینەوە کە بەهەر نرخێک بێت لە هەموو هەلومەرجێکدا خەڵکەکەمان و دەستکەوتەکانیان دەپارێزین و تۆڵە لە داگیرکەرانی تورکیا دەکەینەوە.