شارێکی سەرسنووریی سووریا تەختی زەوی کرا
شارۆچکەیەکی سەرسنوور لە گردوپەڕی پارێزگای ئیدلبی سووریا کە نزیک سنووری تورکیایە، بەهۆی بوومەلەرزەوە تەختی زەوی کرا.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦ی ژانویە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ پلە بە پێوەری ڕێختەر، کە ناوەندەکەی لە تورکیایە، زۆرێک لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستی هەژاند. ئەم بوومەلەرزەیە لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا و لە ٢٦ کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی «غازی عەنتاب» لە تورکیا ڕووی دا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێشەممە ماڵپەڕی ڕوسیا ئەلیەوم ، سەرچاوە ناوخۆییەکان لە سوریا وێنەگەلێکی شاری «حاریم»یان لە نزیک سنووری تورکیا بڵاوکردۆتەوە، کە وا دەردەخات سەرجەم باڵەخانەکانی ئەم شارە بە هۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی ئەم دواییەوە ڕووخاون و تەختی زەوی کراون.
شاری «حاریم» لە باکووریترین خاڵی پارێزگای ئیدلبدایە و لە ساڵی ٢٠٠٨ ژمارەی دانیشتووانی گەیشتە ٢١ هەزار کەس.
سەرچاوە ناوخۆییەکان وێنەی دڵتەزێنی ئەم ڕووداوەیان بڵاوکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە؛ زۆرێک لە دانیشتوانی ئەم شارە لە ژێر داروپەردوودان و پێویستیان بە یارمەتی و فریاگوزاریی خێرایە.