حەوت ڕێوشوێنی بەپەلە بە فەرمانی «بەشار ئەسەد» دوای بوومەلەرزە قورسەکەی سووریا
«بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سوریا، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم وڵاتە، کە بەشێوەیەکی نائاسایی بە تەوەرەی بوومەلەرزە قورسەکەی سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەچوو، فەرمانی ئەنجامدانی حەوت ڕێوشوێنی بەپەلەی دەرکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سپۆتنیک، گرنگترین فەرمانەکانی «بەشار ئەسەد» لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، دیاریکردنی چارەسەرێکی تایبەتە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی خێرا لەسەر ئاستی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی ئەم بوومەلەرزە قورسە.
ئەم فەرمانانە بەم شێوەیە ڕاگەیەندراون: یەکانگیرکردنی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی فریاگوزاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.
دووھەم: سەرجەم تیم و تواناییەکانی بەرگریی شارستانی و ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی و کۆمپانیا نیشتمانییەکانی بیناسازی و لقەکانیان لە قایمقامەتیەکان و سەرجەم دامودەزگاکانی خزمەتگوزاری و بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی گشتی کۆبکرێنەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵمەتی ڕزگارکردن و لابردنی داروپەردووی ماڵە داڕووخاوەکان.
هەروەها فەرمان دراوە به هەموو پارێزگارەکانیش کە هەموو دەسەڵاتی کەرتی گشتی و تایبه ت کۆبکەنەوەو هەموو میکانیزمەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵمەتی فریاگوزاری و فریاکەوتن و هاوکاری له لەمەڕ لابردنی داروپەردووی ماڵە داڕووخاوەکان.
سێیەم: دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەپەلە بۆ سەرجەم بریندارانی پارێزگا جیاوازەکان و کۆکردنەوەی سەرجەم کارمەندانی پزیشکیی وەزارەتەکانی تەندروستی و بەرگری و خوێندنی باڵا.
چوارەم: بڕیاردرا دەستبەجێ شوێنی حەوانەوە و خۆراک بۆ کەسانی زیانلێکەوتوو دابین بکرێت و بەرھەمە نەوتییەکان بۆ دابینکردنی ئۆپەراسیۆنی تەکنیکییی باری نائاسایی لە پارێزگا زیانلێکەوتووەکان تەرخان بدرێت.
پێنجەم: وەزارەتی بازرگانی پێویستە خۆراکی پێویست بۆ خەڵکی زیانلێکەوتوو دابین بکات و ستافەکەی کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بە وردی و خێرا ئەم ئەرکە ئەنجام بدات.
شەشەم: تیمەکانی سەلامەتیی تەکنیکی ھەستن بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی بینا زیانلێکەوتووەکان و لێکۆڵینەوە لە باری تەکنیکییان و چۆڵکرانی لە لایەن دانیشتووانەوە لە کاتی مەترسیدا.
حەوتەم: وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان هەنگاو بنێت بۆ دەستنیشانکردنی خێرای بەنداو و خەزێنەو وێستگەکانی ئاو و دڵنیابوون لە سەلامەتییان و دڵنیابوون لە بەردەوامیی دەستڕاگەیشتنی ھاوڵاتییان بە ئاو.