شوبات 21, 2023 22:59 Asia/Tehran
  • درێژەی هاوکارییەکانی ئێران بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکەی سوریا

بەرپرسی یانەی فەرهەنگیی ئێران لە لازقییەی سووریا ڕایگەیاند: ١٠٠ تۆن هاوکاری لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گەیشتووەتە لازقییە.

ئاماری قوربانیانی بوومەلەرزەکەی پارێزگای لازقیە لە لایەن پارێزگاری ئەم پارێزگایەوە بە ٨٠٥ کوژراو و هەزار و ١٣١ بریندار ڕاگەیەندراوە.

هەر لە سەرەتای ڕوودانی بوومەلەرزەکە لە ھەردووک وڵاتی تورکیا و سوریا، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەجێ ئامادەیی خۆی بۆ دابینکردنی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە ڕاگەیاند و جگە لە ناردنی یارمەتییە مرۆڤییەکان، کۆمەڵەی مانگی سووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش فریاگوزارانی خۆی ڕەوانەی ئەم وڵاتانە کرد بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "عەلیرەزا فەدەوی"، بەرپرسی ماڵی فەرھەنگیی ئێران لە لازقیەی سوریا ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ تۆن هاوکاریی ئێران بۆ خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی باکووری ڕۆژئاوای سوریا بە سێ فڕۆکەوە گەیشتووەتە بنکەی حەمیمیم لە لازقییە و ڕادەستی حکومەتی سوریا کراوە.

فەدەوی ئاماژەی بەوەش داوە کە، ئەو هاوکارییانە بریتین لە هەموو جۆرە خۆراک، دەرمان، شیری ویشک، چادر، برنج، بەتانی، دۆشەک و پێداویستییەکانی تری ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی سوریاوە زیانیان بەرکەوتووە.

سەرپەیڤ