May 03, 2023 13:55 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری ئێران: زۆرێک لە گۆڕانکارییە ناوچەیی و واوەناوچەییەکان نەیانتوانیوە کاریگەرییان لەسەر پێوەندیی برایانەی نێوان تاران و دیمەشق هەبێت

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی خۆشحاڵی خۆی بە سەرکەوتنی حکومەت و نەتەوەی سووریا و بەرەی خۆڕاگری بەسەر تێرۆریزم و تێپەڕین بە قۆناغی سەختی نائارامی دا دەربڕی و وتی:زۆرێک لە گۆڕانکارییە ناوچەیی و واوەناوچەییەکان نەیانتوانیوە کاریگەرییان لەسەر پێوەندیی برایانەی نێوان تاران و دیمەشق هەبێت.

Image Caption

بەگوێرەی بنکەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار، «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلام، لە کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندە باڵاکانی ئێران و سوریا، کە بە سەرۆکایەتیی خۆی و «بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری سوریا بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند: ڕەوایەتی و شەرعیەتی پێگەی ئێران و سوریا، بە ھاوتەریبیی ڕێبازەکەیان لەگەڵ ژیرمەندی و خۆڕاگری و چۆک دانەدان بە تەواوی سەلمێندراوەو ئەوانەی تا دوێنێ گومانیان لە هەڵوێست و بۆچوونە سیاسییەکانی ئێران هەبوو سەبارەت بە سوریا، لە ئێستادا باوەڕیان بەوە ھێناوە کە ئەم هەڵوێستە ڕاست و دادپەروەرانە بووە.

ڕەئیسی بە جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئێران لە بەدیهێنانی ئاشتیی پاوەجێ، سەقامگیری و ئارامیی هەمیشەیی لە سووریا وتیشی: کۆماری ئیسلامی وەک چۆن لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە تەنیشت حکومەت و نەتەوەی سووریا وەستابوو، لە قۆناغی بنیاتنانەوە، گەشەسەندن و پێشکەوتنیش دا لە تەنیشتی برایانی سووری دەمێنێتەوە.

«بەشار ئەسەد»ی سەرۆک کۆماری سوریاش وێڕای بەرز نرخاندنی هەڵوێست و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە حکومەت و نەتەوەی سوریا لە ڕۆژە سەخت و پڕ لە مەترسیەکانی ئەم وڵاتەدا ، وتی: حکومەت و نەتەوەی سوریا ئەو سۆزداری و یارمەتیانەی برا ئێرانیەکانیان لەبیر ناچێتەوە.

سەرۆک کۆماری سووریا هەروەها داوای ڕۆڵگێڕانی زیاتری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی سەقامگیر لە وڵاتەکەیدا کردو خوازیاری ئەوە بوو کە ئێران لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچە شەرتێکەوتووەکانی سووریاش دا بەشدارییەکی کاریگەری ھەبێت.

«بەشار ئەسەد» ڕاشیگەیاند: پەیوەندییەکانی سوریاو ئێران پەیوەندییەکی دەوڵەمەندو پڕلە ئەزموونە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە تەنانەت لە قۆناغە سەخت و دژوارەکانیشدا سەرەڕای گەردەلولی سیاسی و ئەمنیی سەخت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندییەکی سەقامگیر و پاوەجێ بووە.

سەرۆک کۆمارانی ئێران و سوریا بە ئاماژە بە واژۆکرانی بەڵگەنامەکانی هاوکاریی نێوان دوو وڵات جەختیان لە گرنگیی «بەرنامەی هەمەلایەنەی هاوکاری ستراتژیکیی درێژخایەنی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری عەرەبیی سوریا» کردەوە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیی ئەم دوو گەلەو گەلانی دیکەی ناوچەکە.

سەرپەیڤ