حوزه‌یران 16, 2023 13:47 Asia/Tehran
  • هەسەدە ڕایگەیاندووە: لە هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر مەنبەج ٦ ئەندامی هەسەدە کوژراون

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە هەواڵی کوژرانی شەش کەس لە هێزەکانی لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانیی سوپای تورکیا بۆ سەر گردوپەڕی مەنبەج بڵاوکردەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە کوژرانی ٦ ئەندامی خۆی لە هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر مەنبەج پشتڕاست کردەوەو ڕایگەیاند کە تورکیا باجی ئەو هێرشانەی دەدات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدەدا هاتووە: دوای ئەوەی سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی یەپەگە لە شەهبا کە بووە ھۆی گیان لە دەست دانی سێ کەس ، دوێنێش فڕۆکەیەکی سیخوڕیی سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر گردوپەڕی مەنبەج و لە ئەنجام دا ٦ ئەندامی ھەسەدە کوژران.

هێزەکانی سوریای دیموکرات «هەسەدە» ھەر لە راگەیەندراوەکەی دا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، هێرشەکانی تورکیا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر شەهبا و مەنبەج و عەین عیسا پەرەیان سەندووە، دەبێت تورکیا بزانێت ئەو هێرشانە بێ باج نامێننەوە.

ئەوەشی راگەیاندووە کە تورکیا و هاوپەیمانەکانی نەک تەنها لەگەڵ هەسەدە، بەڵکو لەگەڵ گەلی ناوچەکە ڕووبەڕوو دەبنەوەو لەئێستادا هەسەدە لە هەموو بەرەکانەوە لە پتر لە ھەر کاتێکی تر ئامادەی بەرگریکردنە لە خاکی سووریا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکانی تورکیا بۆ زۆرتر رۆچوونە نێو خاکی سوریا و هێشتنەوەی پێگەی خۆیەتی لەناوچەکەدا.

سەرپەیڤ