ئاب 10, 2023 13:22 Asia/Tehran
  • بەشار ئەسەد: تاوەکو تورکیا لەسەر خاکی سوریا بێت کۆبونەوە لەگەڵ ئەردۆغان ئەنجام نادەم

سەرۆکی سوریا رایگەیاند، تاوەکو تورکیا لەسەر خاکی وڵاتەکەی بێت ئەوا کۆبونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا ئەنجامنادات و پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە ئاسایی نابنەوە، هاوکات تورکیای بە بەرپرسیار دانا لەوەی ئێستا لە وڵاتەکەی ڕویداوە و رودەدات، دەشڵێت، "تیرۆرستان دەستکردی تورکیان وەکو بەرەی نوسرە و ئەحرار ئەلشام و ئەو گروپانەی دیکەی ناوی جۆراوجۆریان هەیە".

بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز لەبارەی پێشنیاری تورکیا بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ئەردۆگان، ڕەتیکردەوە کۆبونەوەیەکی  لەوجۆرە لەگەڵ ئەردۆگان ئەنجامبدات، تاوەکو تورکیا لە خاکی سوریا نەکشێتەوە و پشتیوانیکردنی لە ئۆپۆزسیۆن کە بە تیرۆریستن رانەگرێت.

لەوەڵامی لێدوانی تورکیا کە دەڵێت، تیرۆیستان لە خاکی سوریاوە هەڕەشەن بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا، سەرۆکی سوریا وتی، "ڕاستیەکەی تیرۆرستان دەستکردی تورکیان وەکو بەرەی نوسرە و ئەحرار ئەلشام و ئەو گروپانەی دیکەی ناوی جۆراوجۆریان هەیە، هەتا ئێستاش تورکیا کۆمەکیان دەکات، ئیدی باسی کام تێرۆرست دەکات؟"، ئەسەد بەهیچ جۆرێک باسی هێزە کوردییەکانی سوریای نەکرد کە تورکیا وەکو "تیرۆرست" ناویان دەکات.

ئەوە یەکەین چاوپێکەوتنی ئەسەدە لە دوای ساڵی 2011وە کە لە کۆشکی  موهاجرین لە دیمەشقی پایتەخت  لەلایەن کەناڵێکی عەرەبییەوە لەگەڵیدا ئەنجامدراوە، وتی، "هەوڵی ئەردۆگان بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوە لەگەڵیدا، تەنها بە ئامانجی پێدانی ڕەوایەتییە بۆ بونی هێزەکانی تورکیا لە سوریا".

بەشار ئەسەد جەختی کردەوە، کە ڕژێمەکەی کارێکی ڕاست و دروستی کردوە کە لە ماوەی زیاتر لە 12 ساڵی ڕابردو بە هێزی سەربازی ڕوبەڕوی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی بوەوە و وتی، ئێستاش ئەگەر کات بگەڕێتەوە هەر هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات، بەڵام دەڵێت، پێشبینی نەدەکرد ئەو زیانە گەورەیە بەر وڵاتەکەی بکەوێت، بەو پێیەی وەک خۆی دەڵێت چونکە نەیاندەزانی چ پلانێک لە دژیان دانرابو.

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا نیازی هەیە دەسەڵات جێبهێڵێت، کاتێک لەسەر ئاستی کۆمەڵی نێودەوڵەتی ئەو داوایەی لێکرا، ئەسەد وتی، "لەو دۆخە و لەبەر فشاری دەرەکی واز لە دەسەڵات بهێنیت ئەوە پێی دەوترێت هەڵهاتن".

ئەسەد رەتیکردەوە ڕژێمەکەی بەرپرسیار بێت لە کوژران زیاتر لە 350 هەزار کەس و ئاوارەبونی ملیۆنانی دیکە لە خەڵکی سوریا و وێرانبونی لایەکی وڵاتەکە، دەڵێت، "کاری دەوڵەتە شەڕی تیرۆر بکات، بەڵام ئەوانەی بەرپرسیارن لەوەی کە ڕویداوە، ئەوانن کە لەگەڵ تیرۆرستاندا بون و پلانیان بۆ دانان".

پەیوەست بە گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ نێو کۆبونەوەکانی کۆمکاری عەرەب، سەرۆکی سوریا وتی، "هەتا ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەب شتێکی ڕوکەشییەوە و زیاتر دروشمە، کۆمکاری عەرەب تا ئێستا نەبوەتە دامەزراوەیەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عەرەب".

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کێ بە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لە وڵاتەکە دەزانێت، بەشار ئەسەد وەڵامی ناڕونی دایەوە و وتی، "ئەوەیە لە ناو میلـلەتەکە هەڵقوڵابێت نەک لە لایەن دەزگا سیخوڕییە بیانییەکانەوە هاتبێت".

 

پەیوەست بە گفتوگۆ لەگەڵ دیپلۆماتانی ئەمریکا، ئەسەد رونیکردەوە، بۆ چەندین ساڵ بە شێوەی بچڕ بچڕ وتووێژ لە نێوانیان هەبو، بەڵام بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتون، "هیچ هیوایەکیشیان نییە بە ئەنجامێک لەگەڵ ئەمریکا بگەین ئیدی هەر کەسێک لەسەر دەسەڵاتی ئەمریکا بێت".

سەرۆکی سوریا لەبارەی رژێمی زایۆنییەوە وتی، "هەتا ئەو رژێمە ئامادە نەبێت خاکەکە بگەڕێنێتەوە ئەوا ئامادە نین پەیوەندی لەگەڵدا بکەین"، بەڵام ڕونی نەکردەوە مەبەستی لە خاک تەنها ناوچەی جۆلانە یان ناوچەی دیکەش دەگرێتەوە.

 

 

 

سەرپەیڤ