گیرانی گرووپێکی ١١ کەسیی داعش لە ئۆپەراسیۆنی HSD دا
HSD باسی گرتنی گرووپێکی ١١ کەسی داعشی کردووە لە یەکێک لە هەڵمەتەکانی هێزەکانیدا لە دێرەزور.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک HSD بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە گرووپێکی یازدە کەسیی داعشی لە دێرەزور قۆڵبەست کردووە. ناوەندی میدیایی HSD لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی دێرەزور تیمەکانی هەڵمەتی سەربازیی سەر بە HSD ئەندامێکی داعشیان بە ناوی «احمد محمود القشره» و نازناوی "ابومعاذ الکردی" گرتووە کە بەرپرسی دابین کردنی تەقەمەنی بووە بۆ گرووپە داعشییەکان.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە کاتی لێپرسینەوە "احمدالقشره" دانی ناوە بەوەیدا کە خەریکی بۆمبڕێژکردنی چەندین ئۆتۆمبیل بوونە بۆ تەقاندنەوە و هەروەها ئەوەی کە دەستی هەبووە لە تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێک کە ١٠ی مانگی مەیی ٢٠٢٤ لە بنکەیەکی راگرتن و پشکنینی شاری شەحیل لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزور تەقیوە و بووە هۆی کوژرانی سێ ئەندامی چەکداری HSD و بریندار بوونی ٧ کەسی دیکەیان. لەم بەیاننامەیەدا هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە بە پێی زانیارییەکانی بەدەستهاتوو لە دانپیداندانەکانی القشرە، ١٠ ئەندامی دیکەی داعش لە هەڵمەتە ئاسایشییەکانی دیکەی HSD گیراون.