پەیامی پوتین بۆ ئەسەد: پێبەندی پشتگریی لە سەروەریی سوریاین
سەرۆک کۆماری رووسیا لە پەیامێکی بۆ هاوشانە سوریەکەی، جەختی کرد لەسەر درێژەدان بە پاڵپشتیی وڵاتەکەی لە سوریا و سەروەرییەکەی.
"ڤلادیمیر پوتین"ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بەبۆنەی هەشتایەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی پەیوەندیی دیپلۆماتیکی ئەو وڵاتە لەگەڵ سوریا، پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ "بەشار ئەسەد"ی هاوشانە سوریەکەی خۆی نارد.
ناوبراو لەو پەیامەدا پێی داگرت: رووسیا درێژە دەدا بە پشتگریی لە هەنگاونانی دەوڵەتی سوریا بۆ بەرەڤانی لە سەروەریی، یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی و هەروەها دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامی ئەو وڵاتە.
سەرۆک کۆماری رووسیا لەو پەیامەی کە بۆ بەشار ئەسەدی ناردبوو، رایگەیاند: پەرەی بەردەوامی پەیوەندیی دوو قۆڵیی ڕووسیاو سوریا، لە ئاراستەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دوو وڵاتدا بووەو هاوتەریبە لەگەڵ ڕەوتی بەهێزکرانی ئاشتی و سەقام لە ئاستی ناوچەو جیهاندا.
بەشار ئەسەدیش لە پەیامی پیرۆزبایی بۆ ڤلادیمیر پوتین ڕایگەیاند: دوو وڵاتی رووسیاو سوریا لەماوەی هەشتا ساڵدا پاڵپشتی یەکتری بوون و پێبەندیش بوون بە پرەنسیپ و ئارمانجەکان، تەنانەت سەرباری ئەوەی کە کەوتنە ژێرگوشاری زۆرەوە بۆ خۆبەدەستەوەدان و شکاندنی ئیرادەیان.