May 16, 2025 14:22 Asia/Tehran
  • شەڕی نێوان هەسەدە و داعش لە ڕۆژهەڵاتی سووریا

 هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا (هەسەدە) ڕایانگەیاندووە کە شەڕ و پێکدادانی چەکدارانە لە نێوان هێزەکانی ئەم گرووپە و تیرۆریستانی گرووپی داعش لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ڕوویداوە.

لەم شەڕ و پێکدادانەدا چەکدارێکی هەسەدە کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. لە بەیاننامەی هەسەدەدا هاتووە کە گرووپی تیرۆریستیی داعش هەوڵ دەدات ئەو بشێوییەی سووریای گرتووەتەوە، وەک هەلێک بقۆزێتەوە بۆ سەرهەڵدانەوە و هێزگرتنەوەی خۆی و پەلامارە تیرۆریستییەکانی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتەدا، بە تایبەت لە باکوور و ڕۆژهەڵات جێبەجێ بکات. هەسەدە ئەوەشی وتووە کە هێزەکانی ئەوان بەردەوامن لە ڕاوەدوونانی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان. شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی دیکە و هاتنی هەزاران چەکداری توندڕەو لە وڵاتانی دیکەوە و سەقامگیربوونیان لە شارە سەرەکییەکان، لەو قەیرانانەیە کە پاش ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریا سەری هەڵداوە.
 

سەرپەیڤ