ئێران و شەرمەزارکردنی هەوڵە تیرۆریستییەکەی میسر
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ، کوژران و برینداربوونی چەند گەشتیاری بیانی (ڤێتنامی) لە ئەنجامی هەوڵێکی ترۆریستی لە میسری شەرمەزار کرد.
بەپێی ڕاپۆری ئیدارەی گشتیی دیپلۆماسیی میدیایی وەزارەتی دەرەوە، "بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە کرانەئامانجی کەسانی بێتاوان کە بۆ گەشتیاری سەردانی وڵاتانی دیکە دەکەن، بە کردەیەکی کرێت و شەرمەزارکراو زانی و هاوخەمیی دەربڕی لەگەڵ حکومەت و گەلی ڤێتنام و خێزانی بەجێماوانی ئەو تاوانکارییە بێ ئەنجامە.
تەقینەوەی بۆمبی دانراو لە سەر ڕێگای پاسێکی هەڵگری گەشتیارانی بیانی لەنزیک قاهیرەی پایتەختی میسر، دوو کوژراو و دوانزە برینداری لێکەوتەوە.
تەقینەوەی سەرلەئێوارەی رۆژی هەینی لە ناوچەی کەونارایی هەرەمەکانی میسر ڕووی دا.
هێشتا هیچ کەس یان گرووپێک بەرپرسایەتی ئەو تەقینەوە ترۆریستییەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
میسر لەساڵانی ڕابردوودا بەتایبەت پاش ڕووخانی حکومەتی "محەممەد مورسی" لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە لەساڵی٢٠١٣ لەگەڵ تاوسەندنی ناهێمنی و پەلامارە ترۆریستییەکان بەرەوڕوویە.
"محەممەد مورسی" سەرۆک کۆماری یاسایی میسر لە ساڵی٢٠١٣ پاش کودەتای سوپای ئەو وڵاتە بەسەرکردایەتی عەبدولفەتاح سیسی، لەسەر دەسەڵات لابرا.