ئه‌یلوول 01, 2020 01:35 Asia/Tehran
  • سەرەخۆشی بە بۆنەی ساڵگەڕی شەھید بوونی ئیمام زەینۆلعابدین(ع)

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٢ موحەڕڕەمۆحەرامی ساڵی ١٤٤٢ی کۆچیی مانگی ڕێککەوتی یەکەمی سپتامبەری ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی، ساڵگەڕی شەھید بوونی ئیمام زەینۆلعابدین(ع) ناسراو بە ئیمام «سەججاد» کوڕی ئیمامی حسەین(ع) و لە ئەندامانی بنەماڵەی پاکی ڕەسوڵی سەردار(ص)ـە.

ئیمام زەینۆلعابدین(ع)،ئیمامی چوارەمی شێعەکان لە ساڵی ٣٨ی کۆچیی مانگی لە شاری مەدینە لەدایک بوو، بەڕێزی لە سەردەمێکدا دەژیا کە بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلام(ص) توشی تەنگژەیەکی زۆر بوون.

ئیمام زەینۆلعابدین(ع)  کە لە کارەساتەکەی کەربەلادا لە بەر نەخۆشی لەجێ کەوتبوو، دوای بزوتنەوە شکۆمەندەکەی ئیمامی حسەین(ع) بەرپرسایەتیی قورسی بڵاو کردنەوەی پەیامی ئەم بزوتنەوەیەو بەردەوام کردنی ڕێبازی باپیری مەزنی بە ئەستۆ گرت و لە ئاراستەی پیشاندانی ناوەڕۆک و گرینگایەتیی ئەم ڕاپەڕینە ھەوڵێکی زۆری دا.

ئیمامی چوارەمی موسڵمانانی جیھان لە دانانی بناغەی شارستانیەت و کلتووری ئیسلامی و برەو پێدانی فێرکارییە ڕەسەنەکانی قورئان ھەوڵی داو بە ڕوناکبینیی تایبەتیی خۆی، دەستی کرد بە ڕاھێنان و گۆش کردنی بیرمەندانی موسڵمان ھەتا لەم ڕێگایەوە قورئان و سوننەتەکانی پێغەمبەر بە پارێزراوی بمێننەوە.

میراتێکی بەنرخی دیکەی ئیمامی سەججاد(ع) بۆ موسڵمانان پەرتوکێکە بە ناوی «سەحیفەی سەججادیە»، ئەم کتێبە گەرچی لە قەواخی دۆعاونیایش دایە، بەڵام داگری زۆر  ڕەھەندی ڕاستەقینەی زانست و مەعاریفی ئیسلامی و عیرفانی، یاساو ئەحکامی شەرعی، بابەتگەلی ھەستیاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و ئاکارییە.

ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بۆنەی ساڵگەڕی شەھید بوونی ئیمام زەینۆلعابدین، حەزرەتی سەججاد(ع) لە ھەموو موسڵمانانی جیھان بە تایبەت شێعەکان سەرەخۆشی دەکات.

سەرپەیڤ