جەختی ئێران لە سەر پێویستیی چارەسەرکرانی ھەمیشەیی قەیرانی قەرەباغ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە سەر پێویستیی چارەسەریی ھەمیشەیی کێشەی قەرەباغ لە ڕێگای سیاسییەوە پێی داگرت.
«سەعید خەتیب زادە» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە ھەژماری توییتێرەکەی دا وێڕای ئاماژە کردن بە دیداری «موحەممەد جەواد زەریف»و «جەیحون بایرامۆف» وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئازەربایجان نووسی: «لە سەردانەکەی ئەمڕۆی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان بۆ تاران، سەبارەت بە کێشەی قەرەباغ، پرسی ناوچەکەو پەیوەندیی دوو لایەنە بیروڕایان گۆڕییەوە.
خەتیب زادە وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی سیاسەتی دابی دراوسێتی، وێڕای پێشوازی کردن لە پێشەوەچوونی تەگبیرەکان و ڕزگارکرانی ناوچە داگیرکراوەکانی قەرەباغ، لە سەر پێویستیی چارەسەر کرانی ھەمیشەیی ئەم قەیرانە لە دێگای سیاسییەوە پێ دادەگرێت.
«جەیحون بایرامۆف» وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان ئەمڕۆ چوارشەممە بە مەبەستی دیدارو وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی تارانی کردووە.
«بایرامۆف»ھەتا ئێستا لەگەڵ «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران و «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی دیدارو وتووێژی کردووە.