چاوش ئوغڵوو بۆ زەریف : ئەردۆغان بە ھەستیاریی ھەڵبەستەکەی نەزانیبوو
وەزیرانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا لەسەر گرنگایەتی پێوەندیی دۆستانەی نێوان دوو وڵات جەختیان کردەوە .
مەولوود چاوش ئوغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمشەو لە پێوەندیەکی تەلەفۆنی دا لە گەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر پێوەندی نزیک و دۆستانەی دو وڵات و سیاسەتی باش دراوسێیەتی ئانکارا جەختی کردەوە .
چاوش ئوغڵوو لە درێژەدا گوتی : سەرۆکی تورکیا بە تەواوەتی رێز دەگرێ لە سەروەریی نیشتمانیی و یەکپارچەیی خاکی ئێران و لە بارەی ھەستیاریەکان لەمەڕ ھەڵبەستە خوێندراوەکەش ئاگادار نەبووە و تەنیا لە پێوەندیی لە گەڵ لاچین و قەرەباغی زانیوە و لەبەر ئەوە لە ئاھەنگەکەی باکۆدا خوێندوویەتەوە .
رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا رۆژی پێنجشەممە بۆ بەشداریکردن لە ئاھەنگی نمایشی سەربازیی ھێزەکانی کۆماری ئازەربایجان بە بۆنەی بەناو سەرکەوتنی ئازەربایجان سەردانی باکووی کردبوو .
ناوبراو لەو ئاھەنگەدا کە سەرۆکی ئازەربایجانیش ئامادەی بوو ، ھۆنراوەیەکی جودایی خوازانەی لە بارەی رووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و کۆماری ئازەربایجان خوێندەوە کە رووبەڕووی کاردانەوەی توندی کاربەدەستانی ئێران بووەوە .