زەریف: ڕێگاچارەی گشت داگری سیاسی باشترین دەستەبەری ئاشتیی پاوەجێیە لە ئەفغانستاندا
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران وتی: ڕێگاچارەی گشت داگری سیاسی بە بەشداریی تەواوی تاقم و لایەنەکانی ئەفغانستان باشترین دەستەبەری ئاشتیی پاوەجێیە لەم وڵاتەدا.
«موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی سێ شەممە لە دیداری «حەمدوڵڵا موحیب» ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان لە تاران دا، پشتگریی ئێران لە کابۆلی بە سیاسەتی بنەمایی کۆماری ئیسلامیی ئێران زانی.
زەریف وێڕای پێداگری لە سەر پێویستیی قوڵ کرانەوەی ڕاوێژی نێوان دوو وڵاتی دۆست و دراوسێی ئێران و ئەفغانستان لە ئاستی دوو لایەنەو ناوچەیی و نێونەتەوەیی دا، خۆشحاڵیی خۆی لە کەوتنەگەڕی ڕێگای ئاسنی خواف بۆ ھەرات دەربڕی و بە بەستێن خۆشکەری پەرەسەندنی ھاوکاریی نێوان دوو وڵات و پەیوەندی گرتنی خێراتر لەگەڵ ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی زانی.
سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران ھەروەھا جەختی کرد لە سەر کشانەوەی لەشکریانی ئەمریکی و وڵاتانی بیانیی دیکە لە ئەفغانستان.
«حەمدوڵڵا موحیب» ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی سەرۆک کۆماری ئەفغانستانیش وێڕای ئاراستەکردنی ڕاپۆرتێک لە بارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی ھاوپەیوەند بە دانوستانی ئاشتی، ستایشی ھەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد لەمەڕ داکۆکی کردن لە دەوڵەت و گەلی ئەفغانستان.
ھاوکاری لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، ئاسایشتی، بەڕێوەبردنی لێژنەی ھاوبشی دوو وڵات و پێ و شوێن گرتنی پرۆژەکانی دیکە بە تایبەت ھاوکاریی زیاترلەبواری ئاو، لەو تەوەرانەی دیکەی وتووێژی وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕاوێژکاری ئاسایشتی نیشتیمانیی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان ڕاگەیەندراوە.