ڕۆحانی: ڕێ و ڕەسمی ھێمایانەی جێژنی ساڵگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، شکۆمەندتر بەڕێوە دەچێت
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی دوای ڕاپۆرتی بنکەی نیشتیمانیی بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا لە مەڕ دوایین بەرنامەو ڕێکخستنی ڕێزنان لە ٢٢ی ڕێبەندان، جەختی کرد: بە سەرنجدانی بەرتەسکییەکانی سەرچاوەگرتوو لە نەخۆشیی کۆرۆنا، دەبێ ڕێ و ڕەسمی ھێمایانەی جێژنی ساڵگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی،بە کەڵک وەرگرتن لە داھێنانی تازە شکۆمەندتر بەڕێوە بچێت.
«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی لێژنەگەلی پسپۆڕیی بنکەی نیشتیمانیی بەرنگار بوونەوەی کۆرۆنا وتی: ئەمساڵ دوو سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و سەرکەوتن لە پێکدادان لەگەڵ ئیستیکباری جیھانی دەکەین بە جێژن. ئەو دەوڵەتەی کە دەیویست ئێمە ڕەنگی چلەمین ساڵگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیش نەبینین، لە ئێستادا بەوپەڕی سەرشۆڕی و زگارییەوە لە دنیای سیاسەت وەلانراوەو لە بەرامبەردا ئێمە شانازیی ئەوەمان دەستکەوتووە کە چل و دووھەمین ساڵگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشەکەمان ھەر چەند بە شێوەی ھێمایانەش، بەڵام شکۆمەندتر لە ھەر کاتێکی دیکە دەکەین بە جێژن.
ڕۆحانی پێی داگرت: دەبێ بە ڕەچاو کردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، پێش بە سەرھەڵدانی شەپۆلی چوارەمی نەخۆشیی کۆرۆنا بگیردرێت ھەتا بەمجۆرە بەرپرسانا ناچار نەبن ھەمیسان ھێندێک بەرتەسکی بە سەر ئەو شارانەدا کە دەچنە خانەی ڕەنگی نارنجی و یان سوورەوە، بسەپێنن.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھیواداریی دەربڕی کە، بەو ھەنگاوە کاریگەرانەی ھەڵگیراون، ڤەکسینی خۆماڵی بتوانێ تەواوی قۆناغەکانی پەسەندکرانی کوالیت ببڕێت و مۆڵەتی پێویست وەربگرێ و ھەڵمەتی کوتان لە پاڵ ئەو پێکوتانەش کە لە دەرەوەڕا کڕدراون، بە پێی خشتەی ڕیزبەندی کراو لە مانگی ڕێبەندان دا دەستی پێ بکرێت.