شوبات 03, 2021 18:40 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: دەرەنجام و بەرھەمی پەیوەندیی برایانەو ستراتژیی ئێران و عێراق ئاسایشت و سەقامی تەواوی ناوچەکە دەستەبەر دەکات

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای پێشوازی کردن لە قوڵ کردنەوەی پەیوەندیی نێوان تاران و بەغدا، پێ داگرت: ئێران و عێراق خاڵی ھاوبەشی پتەویان زۆرەو ئەم خاڵە ھاوبەشانەش ھەردووک وڵاتەکەی وەھا پێکەوە گرێ داوە کە دەرەنجام و بەرھەمی پەیوەندیی برایانەو ستراتژیییان لە کەوشەنی ھەردووک وڵاتەکەش ترازاوەو ئاسایشت و سەقامی تەواوی ناوچەکە دەستەبەر دەکات.

«حەسەن ڕۆحانی»سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری «فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق لە تاران، وتی: ئێران و عێراق بە سەرنجدانی ئەو بارستاییە ئابوورییەی کەھەیانە دەتوانن وەکوو دوو ئابووریی تەواو کەر یەکتر ھێزمەند کەن و دەبێ بە ھەڵگرتنی ھەنگاوی پێویست بارستایی ئاڵووێری بازرگانی بگەیەننە ئاستی ٢٠ ملیارد دۆلار لە ساڵ دا.

ڕۆحانی وێڕای ئاماژە کردن بە چارەسەریی گرفتی ڕاپەڕاندنی ڕێگای ئاسنی شەلەمچە بۆ بەسرە، وتی: ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەم پرۆژەیە بە تەواوی ئابوری و بازرگانی و لە ئاراستەی ھەمەچەشنە کردنی ڕێگاکانی پەیوەندیی نێوان ئێران و عێراقە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە بۆ ئێران داکۆکی لە سەقام و ئاسایشت، سەربەخۆیی و سەروەری، ھێزمەند کرانی سەربڵیندی و دەستەڵاتی عێراق و بەرز کرانەوەی جێ و شوێنە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکەی ئەوبەرایەتییەکی تایبەتیی سھەیە، وتیشی: ھاریکاری و پاڵپشتی ھەردووک وڵاتەکە لە سەردەمی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ ڕزگار کردنی ناوچەکە لە بۆسەی تیرۆریستانی تەکفیری نومنەیەکی ھەرەباشە لە ڕووی بەھێزکردنی پەیوەندیی دوو لایەنەوە.

ڕۆحانی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە تاران نەیاری ھەرچەشنە دەستوەردانێکی بیانییە لە کاروباری نێوخۆیی عێراق داو بە زیانی جەماوەری عێراق و تەواوی ناوچەکەی دەزانێ، وتیشی: تیرۆری ناجوامێرانەی شەھید «حاج قاسم سولەیمانی» و «ئەبو مەھدی موھەندیس» نمونەی بێ شەرمانەترین دەستوەردانی بیانی لەکاروباری عێراق دا بوو کە لە قەواخی ئۆپراسیۆنێکی تیرۆریستیی دەوڵەتی دا ئەنجامی گرت و پاڵەوانانی سەرکەوتن بە سەر داعشی کردە ئامانج.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا جەختی کرد کە ئێران داکۆکی لە ئامادە بوونی عێراق لە ھاوکێشەکانی ناوچەکە دەکات و باوەڕەیشی وایە کە عێراق قورساییەکی گرینگە لە ھەڵس و کەوتی سیاسی و ئاسایشتیی ناوچەکەدا.

ڕۆحانی ھیوای خواست کە دەوڵەتی تازەی ئەمریکا بەم ئەنجامە بگات کە ئامادە بوونی لە ناوچەکە بە زیانی ئاسایشتەو اەو سیاسەتەی دا بچێتەوە.

«فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراقیش لە دیدارەکەدا، گەشتەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراقی بە مێژوویی و لەبیر نەکراوە زانی و وتیشی: ئەو گەشتە جیا لەوەی کە قوڵ بوونەوەی پەیوەندییەکانی ھەردوک لای لێ کەوتەوە، بووە ھۆی خۆشکرانی بەستێنی زیاتر بۆ ھاریکاری و خێرا بوونەوەی ڕەوتی ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنەکان و لێژنەی ھاوکارییە ھاوبەشەکان لەگەڵ ئێران خەریکی بەدوادا چوونە بۆ ڕاپەڕاندنی پەسەندکراوەو ڕێککەوتنی سەرۆکانی ھەردووک وڵاتەکە.

وەزیری دەرەوەی عێراق وتیشی: گەل و دەوڵەتی عێراق بەردەوام قەدری ھاوڕێیەتی و ھاوکارییەکانی ئێران لە خەباتی دژی تیرۆریزم لە عێراق و بە تایبەت داعش دەزانن و ئەم بابەتەیان قەت لەبیر ناچێتەوە.

ناوبراو وتیشی: بەغدا لێبڕاوانە خەریکی پێ و شوێن گرتنی کشانەوەی ھێزەکانی بیانی لە عێراقەو بەو دانوستان و وتووێژانەی کە ئەنجامی گرتووە ئەم بابەتە خەریکی ڕاپەڕێندرانە.

سەرپەیڤ