ئاب 06, 2021 11:38 Asia/Tehran
  • دیداری قاڵیباف لەگەڵ سەرۆک پەرلەمانەکانی تورکیاو ئەفریقیای باشووری و سیربستان

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران لە دیداری سەرۆک پەرلەمانەکانی تورکیاو ئەفریقیای باشووری و سیربستان لە سەر بەرز کردنەوەی ئاستی پەیوەندیی ئابووری و ھاوکاریی دوو قۆڵی پێی داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆن، «موحەممەد باقڕ قاڵیباف» ڕۆژی ڕابردوو لە پەڕاوێزی ڕێ و ڕەسمی سوێند خواردنەکەی سەرۆک کۆمارو لە دیدار لەگەڵ «مستەفا شینتوپ» سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاستی چالاکی و ئاڵووێری ئابووری نێوان ھەردووک وڵاتی بە نادڵخواز ھەڵسەنگاندو وتی: دەکرێ بە پەرە پێ دانی ڕادەی چالاکیی بازاڕەکانی سەر سنوور و ھاوکاریی بانکی ئاستی پەیوەندیی ئابووری ھەردووک وڵات بەرزتریش بکرێتەوە.

سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران ھەروەھا لە دیدار لەگەڵ «تاندی مودیسە» سەرۆکی پەرلەمانی ئەفریقیای باشووری وتی:ھیوادارین بەرپا کرانی پانزەھەمین کۆبوونەوەی لێژنەی ھاوبەشی ئابوری لە نێوان دوو وڵات ببێتە کاری لەپێشینە ھەتا بتوانین ھاوکارییەکان بۆ ئاستێکی بەرزتریش ھەڵکشێنین.

«قاڵیباف» ھەروەھا لە دیداری لەگەڵ «ئیڤیتسا داچیچ» سەرۆکی پەرلەمانی سیربیستان لە سەر پەرە پێ دانی ھاوکارییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و سیربستان پێی داگرت و وتی: پەیوەندییەکی باش و برایانە لە نێوان پەرلەمانەکانی ھەردووک وڵات لە ئارادایە.

سەرپەیڤ