کانونی دوھەم 26, 2022 20:30 Asia/Tehran
  • ڕەییسی: پەیوەندییەکانی تاران و باکو لە سەر بناغەی باوەڕی خەڵکی ھەردووک وڵاتەکە بەریامبەر بە فەکتەرە ئایینییە ھاوبەشەکانە

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە دیداری وەزیری بەرەڤانیی کۆماری ئازەربایجان پێی داگرت: پەیوەندییەکانی تاران و باکو لە سەر بناغەی باوەڕی خەڵکی ھەردووک وڵاتەکە بەریامبەر بە فەکتەرە ئایینییە ھاوبەشەکانە.

«سەیید ئیبراھیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە دیداری «زاکر حەسەنۆف»  وەزیری بەرەڤانیی کۆماری ئازەربایجان وتی: پەیوەندییەکانی تاران و باکوو تەنیا پەیوەندییەکی باوی نێوان وڵاتانی دیکە نییە.

ڕەییسی وتیشی: ئێران و کۆماری ئازەربایجان نەک ھەر پێکەوە خزمن بەڵمو پەیوەندییەکانی ئێستاشیان پەیوەندییەکی قوڵی نێوان دوو نەتەوەیە کە لە سەر بناغەی باوەڕیان بە فەکتەرە ئایینییە ھاوبەشەکان پێکھاتووەو بە درێژایی مێژوو پتەوتریش بووەتەوە.

سەرۆک کۆماری ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە دیدارەکەی لەگەڵ «ئیلھام عەلی ئۆف» سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئێکۆ لە تورکمەنستانیش وتی: سیاسەتی ئێران ھاوکاریی بەربڵاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت کۆماری ئازەربایجان و دەڤەری قەوقازەو بە سەرنجدانی پێداگرییەکانی ئەو دیدارە لە لایەن سەرۆک کۆمارانی ھەردووک وڵاتەوە ڕەوتی پەرە پێ دانی ھەڵس و کەوتی ئابووری و بازرگانی لەوانە پەیوەندیی ئازوگواز کردن بە خێراییەکی زیاترەوە خەریکە ئەنجام دەگرێت.

ڕەییسی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە دەستەڵاتی ئێران لە ناوچەکە ئاسایشت چێکەرە وتیشی: بوونی ھێزی تەکفیری و داعشی لە ھیچکوێ بە قازانجی خەڵکی ناوچەکە نییەو ئەم تاقمۆکانەی دەستکردی ئەمریکی و زایونییەکانن لە ھەر کوێ بوونە کردەوەی دڕندەکارانەیان ئەنجام داوە.

سەرۆک کۆماری ئێران ڕاشیگەیاند: ڕژێمی زایونی دوژمنی مرۆڤایەتییەو قەت ناتوانێ دۆستی نەتەوە موسڵمانەکان بێت و داگیرکاری و دەست درێژیی زایونییەکان لە ناوچەکەو دژی گەلی فەلەستین دەربڕی ئەم ڕاستییەیە.

وەزیری بەرەڤانیی ئازەربایجانیش لە دیدارەکەدا چاوپێکەوتن و وتووێژەکانی لەگەڵ ھاوتایانی ئێرانیی بە ھەرە بەسوود و پڕبەرھەم و بەکەڵک بۆ داھاتووی ھاوکارییەکان زانی.

سەرپەیڤ