نیسان 08, 2022 22:14 Asia/Tehran
  • ئیمامانی جومعەی سەرتاسەری ئێران: ئامانجی دوژمن دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لە نێوان شێعەو سوننەیە

ئیمامانی جومعەی سەرتاسەری ئێران ڕووداوەکەی گڵکۆی ئیمامی ڕەزا(ع) و شەھید بوونی دوو مامۆستای ئایینییان ئیدانەکرد و پێیان داگرت: ئەم ڕووداوە پیلانی دوژمنە بە مەبەستی دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لە نێوان شێعەو سوننەدا.

نەریتی ماڵئاوایی کردن لەگەڵ تەرمی حوججەتولئیسلام «موحەممەد سادق دارایی» دووھەمین شەھیدی ڕووداوە تیرۆریستییەکەی گڵکۆی ئیمامی ڕەزا(ع) ئەمڕۆ لەم شوێنە پیرۆزەدا بەڕێوە چوو.

ئیمامانی جومعەی سەرتاسەری ئێران ئەمڕۆ ١٩ی خاکەلێوە لە خوتبەکانی ئەم حەوتەیەی نوێژی جومعە، وێڕای ئیدانەکردنی ڕووداوەکەی ئەم دواییەی گڵکۆی ئیمامی ڕەزا(ع) و شەھید بوونی دوو مامۆستای ئایینی، ئەم کارەساتەیان پیلانی دوژمنان بە مەبەستی دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لە نێوان شێعەو سوننە ناوبردو جەختیان کرد: یەکگرتوویی ئوممەتی ئیسلامی بە ھەنگاوی تەکفیرییانە لەنێو ناچێ.

ئایەتوڵڵا موستەفا موحامی ئیمام جومعەی زاھیدان لە خوتبەکانی ئەم حەوتەیەی نوێژی ھەینیی زاھیدان وتی: دوژمن بە دووی ناھیمنی دروست کردن و پێکدادانی ئاینزاییە، لەم ڕووەوە بە یەکگرتن و وریایی زیاتر لە بەرامبەر پیلانی دوژمنان با مستێکی پتەو لە دەمی بسرەوێنین.

حوججەتولئیسلام ڕەزا نوری ئیمام جومعەی بجنورد بە دەریبڕینی ئەمەی کە شەھیدبوونی دوو مامۆستای ئایینی لە گڵکۆی ئیمامی ڕەزا(ع) لە پیلانی ئیستیکباری جیھانییەوە سەرچاوە دەگرێ، وتیشی: دوژمن بە دووی شەڕ سازکردن لە نێوان ئایینزاکانەوەیە.

ئایەتوڵڵا موستەفا عولەما ئیمام جومعەی کرماشانیش وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە شەھیدبوونی دوو مامۆستای ئایینی لە گڵکۆی ئیمامی ڕەزا(ع) پشت پەردەشی ھەیە، وتی: دوژمنان بەو کارانەیان بە نیازی دووبەرەکی نانەوە لە نێوان ئایینەکان، ئاینزاکان و وڵاتانی دراوسێن.

مامۆستا فایق ڕوستەمی ئیمام جومعەی سنەش وێڕای ئیدانەکردنی دڕندەکارییەکەی ئەم دواییە لە گڵکۆی ئیمامی ڕەزا(ع) و شەھیدبوونی دوو مامۆستای ئایینی وتی: ڕشتنی خوێنی مرۆڤە بێ تاوانەکان لە ھیەر شوێنێکی جیھاندا ئیدانەکراوو گوناحەو کەس بۆی نییە بە ئەنقەست گیانی کەسێک بستێنێ.

شێخ یەعقوب شەمس ئیمام جومعەی سوننەی کیشیش وتی: یەکگرتنی ئوممەتی ئیسلامی بەردەوام لەو خاڵانەی پاوەجێیی ئەم ئایینەیە کە بە ھەنگاوی تەکفیری و تیرۆریستی لەنێو ناچێت و ئەو کارەساتەی مەشھەدیش بۆ زەبر وەشاندن لە یەکێتیی ئوممەتی ئیسلامی لە لایەن دوژمنانەوە پیلانی بۆ داڕێژرا بوو.

ئایەتوڵڵا لوتفوڵڵا دژکام لە خوتبەکانی نوێژی ھەینیی شیرازیش وتی: ئەزمونی درێژماوەی سیاسیی گەلی ئێران، ھەست بە دەستی شاراوەی پیلانی دڕندەکارانەو خائینانەی ڕژێمی زایونی و ئەمریکا بۆ ئاژاوەنانەوە لە نێو ئوممەتی ئیسلامی لەم پەیوەندییەدا بە تەواوی ھەست پێ دەکات

سەرپەیڤ