کانونی یه‌که‌م 11, 2022 16:12 Asia/Tehran
  • بانگ کرانی باڵوێزی چین لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئیدانەکردنی تۆمەتە بێ بنەماکانی بەیاننامەی کۆتایی چل و سێهەمین کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس، دەرکردنی ئەو جۆرە لێدوانانەی بە دووبارەبوونەوەی سیاسەتی شکستخواردووی ئێران ترسێن کردن زانی.

وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس، لە بەیاننامەی کۆتایی چل و سێهەمین کۆبوونەوەی لوتکەی خۆیان کە لە ڕیاز بەڕێوەچوو، جارێکی دیکە بانگەشەی دووبارەی ئیماراتیان سەبارەت بە سێ دوورگەکەی ئێران وروژاند.

لەم بەیاننامەیەدا سەرکردەکان پاڵپشتیی خۆیانیان بۆ هەموو هەوڵێکی ئاشتیخوازانە دەربڕی، لەوانە دەستپێشخەری و هەوڵەکانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەمەڕ بەدیهێنانی چارەسەریی ئاشتیانە بۆ پرسی هەرسێ دوورگەی (تونبی گەورە،تونبی بچووک و بوموسا) لەڕێگەی دانوستانی دوولایەنەو ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی مافی نێونەتەوەیی و چارەسەرکردنی ئەم پرسە بە سەرنجدانی ڕەوایەتیی نێودەوڵەتی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا،«ناسر کەنعانی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەیاننامەی ئەم ئەنجومەنەی سەبارەت بە پرسەکانی پێوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی ڕەت کردەوە و وتیشی: ئەو وڵاتانەی کە هەموو هەوڵێکیان بۆ پووچەڵکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دابوو، ئێستا بە لە بەرچاونەگرتنی پابەندبوونی تۆکمەوتەواوی ئێران بە بەرجام و یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان، بەرامبەر بە ھەنگاوە ڕەواکانی ئێران ناڕەزامەندی دەردەبڕن.

کەنعانی ئاماژەی بە بانگ کرانی باڵوێزی چین لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوەش کرد و وتی: سێ دوورگە ئێرانییەکەی کەنداوی فارس بەشێکی دانەبڕاون لە یەکپارچەیی خاکی ئێران کە وەک هەر بەشێکی دیکەی خاکی ئەم وڵاتە هەرگیز  بابەتی دانوستان لەگەڵ هیچ وڵاتێک نەبووەو ناشبێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بانگەشەیەک لە بارەی ئەم دوورگانە بە ناسەقامگیری و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆ و خاکی خۆی دەزانێت و بە توندی شەرمەزاری دەکات.

کەنعانی ڕوونیشی کردەوە: باڵوێزی چین بەجەختکردنەوە لەسەر ڕێزگرتنی وڵاتەکەی لە یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئامانجەکانی سەردانەکەی «شی جینپینگ» سەرۆکی چینی بۆ ڕیاز وەھا  ڕوونکردەوە کە بە مەبەستی یارمەتیدانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و سوودوەرگرتن لە وتووێژ وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجامی گرتووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە داوای لە ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس کرد کە چاوێک بخشێنێت بە سەر پرسە ناوچەییەکانداو ڕێگایەکی بنیاتنەر بگرێتەبەر.

کەنعانی ڕاشیگەیاند کە: ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی ناوچەکە و پابەندبوون بە نۆرمە نێودەوڵەتییەکان، هیچ جۆرە دەستوەردانێک لە سیاسەت و بەرنامەکانی تەکنەلۆژیاو بەرگریی حۆی قەبوڵ ناکات.

سەرپەیڤ