پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا: ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکەی خۆی گەییشتە 580 کەس،،، وەزیری نێوخۆ دەگاتە ناوچەکە
پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە ئاماژەدان بە بوومەلەرزە تاڕادەیەک بەهێزەکەی خۆی بە گوڕی 5.9 پلە، وتی: ئەم بوومەلەرزەیە تا ئێستا 580 کەس بریندار و 2 کوژراوی لێکەوتووەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «محەممەد سادق موعتەمیدیان» سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکی هەواڵیدا وتی: لەو ژمارەیە ١٦ کەس بە مەبەستی چارەسەری ڕەوانەی شاری سەلماس کراون، ٦ کەس نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، ٢٠ کەسیش بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە خەوێندراون.
بە وتەی ناوبراو، زۆربەی بریندارەکان بە شێوەی دەستبەجێ چارەسەر کراون و لە ناوەندە پزیشکییەکان ھاتوونەتە دەر.
«موعتەمیدیان» جەختی لەوەش کردەوە: وەزیری نێوخۆ ھاوڕێ لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سوور لەڕێگادان بۆ لێکدانەوەی دۆخی ناوچە بوومەلەرزە بەرکەوتووەکان و بڕیاردان بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.
ناوبراو هەروەها باسی زیان وێکەوتنی ٧٠ گوندیشی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە کردووەو وتوویەتی: شارەزایان بۆ هەڵسەنگاندنی ڕادەی زیانەکان ھەتا بازنەی ٣٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی بوومەلەرزەکە ڕەوانە کراون.
پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە ئاماژەدان بە سەرماوسۆڵەی ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو، وتیشی: دروستکردنی کەمپ بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک و دابەشکردنی خێمە لە گوندەکاندا لەو بابەتانەن کە لە بەرنامەی کاردان.
شەوی شەممە لە سەر یەکشەممە کاتژمێر ٢١:٤٤ خولەک بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پلە بە پێوەری ڕێختەر شاری خۆی لە باکووری ئازەربایجانی ڕۆژئاوای هەژاند.