کانونی دوھەم 31, 2023 05:26 Asia/Tehran
  • جەختکردنەوەی ڕەئیسی لەسەر خێراکردنی فریاگوزاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی خۆی

سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لە خێراکردنەوەی ھەڵمەتی فریاگوزاری بە تایبەت دابینکردنی شوێنی حەوانەوە، خۆراک و کەرەستەی گەرمکەرەوەی گونجاو و هەروەها پلاندانان بۆ دەستپێکردنەوەی بنیاتنانەوەی خانووە زیانلێکەوتووەکانی خەڵکی خۆی کردەوە.

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٩ پلەی ڕیختەر، لە ٢٨ی ژانویە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێرانی هەژاند؛ ناوەندی ئەم بوومەلەرزەیە لە ٢٣ کیلۆمەتریی باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری خۆی بە حەشیمەتێکی ١٧٥ هەزار کەسیەوە ڕاگەیەندرا.

بەپێی دوایین ئامارەکان لەم بوومەلەرزەیەدا سێ کەس گیانیان لەدەست داوە و لانیکەم ٩٧٣ کەسیش برینداربوونە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژە تەلەفونییە جیاجیاکانی لەگەڵ پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاواو بەرپرسی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێران، وێڕای دەستخۆشی کردن لە دەزگا چالاکەکانی  فریاکەوتنی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە، ئاماژەی بە کەشوهەوای زۆر ساردی ناوچە لێقەوماوەکە  کردو جەختی لە پێویستیی خێراکردنەوەی ڕەوتی ھەڵمەتی دابینکردنی فریاگوزاری بەتایبەت دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و خۆراک و کەرەستەی گەرمکەرەوەی گونجاو کردەوەو لەسەر پلاندانان بۆ دەستپێکردنی ھەوڵی ئاوەدانکردنەوە بنیاتنانەوەی خانووە زیانلێکەوتووەکانی خەڵکی ناوچەکە کردەوە.

ڕەئیسی ھەروەھا جارێکی تر هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەم ڕووداوە دەربڕی.

سەرپەیڤ