شوبات 10, 2023 17:53 Asia/Tehran
  • وتووێژی وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

وەزیری دەرەوەی ئێران و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان،لەوانە ڕوودانی بوومەلەرزە دڵتەزێنەکەی سوریا و تورکیا و دوایین دۆخی دانوستانەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانیان کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی گشتیی ڕاگەیاندن و کاروباری وتەبێژیی وەزارەتی دەرەوە، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ «ئانتۆنیۆ گۆتێرێش» سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان سەبارەت بە دەستپێشخەریی وتووێژە ناوچەییەکانی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان، وێڕای پێداگرتن لەسەر دۆکتورینی سیاسەتی دەرەوەیی ھاوسەنگی حکومەتی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەردەوام کرانی ئەم جۆرە کۆبوونەوەو دانوستانانەو پەرە پێ دانی ھاوکاریی ناوچەیی پێشوازیی دەکات.

«ئەمیر عەبدوڵڵاهیان» بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پەرە پێ دانی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ خەڵک لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی سووریا و تورکیا، وتیشی: دۆخێکی ناخۆش بەسەر ناوچەی بوومەلەرزەلێدراوی ئیدلبی سوریادا زاڵە، چونکە حکومەتی سوریا دەستی بەم ناوچانە ڕاناگات. وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند:چاوەڕوان دەکرێت جێگری ڕێکخەری کاروباری مرۆڤیی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگییەکی تایبەت بە پرسی بوومەلەرزەکەی سوریا و تورکیا بدات.

«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» بە ئاماژە بە یارمەتییە مرۆییەکانی ئێران، ئامادەیی تارانی بۆ ناردنی تیمی فریاگوزاری بۆ ناوچەی ئیدلبی سووریا ڕاگەیاند.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی پێویستیی ھەڵس و کەوتی تەکنیکیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیشی کردو وتی: ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چوارچێوەی هاوکارییان دیاری کردووەو پلانی گەشتی بەڕێوەبەری گشتییی ئاژانس بۆ تارانی لە بەرنامەی ھەردووک لادایە.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها پیرۆزبایی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی کرد و بەردەوامی دان بە وتووێژو هاوکارییە ناوچەییەکانی بە گرنگ زانی.

«ئانتۆنیۆ گۆتێرێش» هەروەها سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی تورکیاو سوریاش وتی: جێگری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەچێتە سوریاو تورکیاو نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو توانای خۆی بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە بە تایبەت لە سووریا بەکاردەهێنێت.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها جەختی لەسەر پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ هەڵگرتنی بایکۆتەکانی  سەر ئێرانیش کردەوەو وتی: هیچ بژاردەیەکی تر لە ئارادا نییە جگە لە گەڕانەوەی هەموو لایەنەکان بۆ بەرجام .

سەرپەیڤ