ئادار 21, 2023 15:04 Asia/Tehran
  • ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامی نەورۆزدا:  بە جەختەوە دەیڵێم ئەو کارە باشانەی لە کەرتی ئابوری دا دەکرێن پێویستە ببێتە هۆی سوکنایی  و ئەرخەیانیی ژیانی خەڵک ، دیارە ئەم بابەتەش نایەتە دی بە پلاندانانی ورد و بەردەوام کرانی ئەو چالاکییانە نەبێت

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە پەیامێکدا بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی ١٤٠٢ی کۆچیی ھەتاوی، پیرۆزبایی لە خەڵکی ئێران و هەموو ئەو گەلانە کرد کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن و گرینگترین پرسی وڵاتی لە ساڵی ڕابردوودا بۆ پرسی ئابووری و بژێوی خەڵک گەڕاندەوەو وێڕای جەخت کردن لەسەر ئەمەی کە پرسی سەرەکی وڵات بۆ ئەمساڵیش کێشەی ئابوورییە، دروشمی ساڵی ١٤٠٢ی «کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان و گەشە پێدانی بەرهەمهێنان» ڕاگەیەند.

Image Caption

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس بە گێڕانەوە لە ڕاپۆرتی بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی،«حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامنەیی» لە سەرەتای پەیامە نەورۆزییەکەی دا بە ئاماژە بە ھاوتەریبی و یەکانگیربوونی بەهاری سروشت لەگەڵ بەهاری مەعنەوییەت وتی: سروەی مەعنەوییەت لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا هەمووان دەگرێتەوە و پێویستە دڵمان بدەینە بەر ئەم سروە ئیلاهی و بۆنخۆشە.

«حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی» پاشان بە پێداچوونەوەیەکی کورتی ساڵی 1401، ساڵی ڕابردووی  وەک هەموو ساڵانی دوای شۆڕشی ئیسلامی ئاوێتەی ڕووداوی جۆراوجۆورو تاڵ و شیرین زانی و جەختی لەوە کردەوە کە ئابووری لە ساڵی ڕابردوودا گرنگترین پرسی وڵات بووە، ئینجا وتیشی: لەڕووی ئابوورییەوە، ھەم تاڵی هەبوو ھەم یە شیرینی ، تاڵییەکەی زیاتر پەیوەندی بە هەڵاوسان و گرانیی نرخەوە هەیە، بەتایبەتی گرانیی نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، کە زۆر زیادی کردووە و زۆرترین فشاریش لەسەر چینی خوارەوەی کۆمەڵگایە.

بەڕێزی ئاماژەی بەوەشکرد: بێگومان لە کەرتی ئابووریدا کار و بنیاتنانی باش کراوە، کە دەبێ بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە گرێ بدرێت.

Image Caption

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی پاڵپشتی کردنی بەرهەمهێنانی لە ساڵی ١٤٠١ بە بووژاندنەوەی چەند هەزار کارگەی داخراو و نیمچە داخراو و هەروەها زیادبوونی کۆمپانیاکانی زانست بنەماو کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاریی لە ڕیزی ھەنگاوە ئەرێنییەکان لە کەرتی ئابووری دا زانی و وتی: خاڵێکی دڵخۆشکەری دیکەی کەرتی ئابووریی ساڵی ڕابردوو، پێشانگای توانا و دەستکەوتەکانی بەرهەمهێنەرانی حکومی و ناحکومی و دیدارێک لەگەڵ بەرهەمهێنەرانی سەرەکیی وڵات لە حوسەینیەی ئیمام خومەینی(رە) بوو.

ئایەتوڵڵا خامنەیی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەمەی کە بۆچوونی سەبارەت بە کردەوەی بەرهەمهێنەرانی وڵات ئەرێنییە، هەروەها ئاماژەی بە گەشەی هەندێک لە پێوەرەکانی ئابووریش کردو وتیشی: لە کەرتی بیمەدا، پێوەرەکان باشن، هەروەها لە کەرتەکانی پەیوەست بە ئاو، گاز، ڕێگاوبان ، و ژینگە، کاری باش کراوە.

وتیشی: بە جەختەوە دەڵێم ئەو کارە باشانەی لە کەرتی ئابوریدا دەکرێن پێویستە ببێتە هۆی سوکنایی  و ئەرخەیانیی ژیانی خەڵک بەتایبەت چینە لاوازەکان و دیارە ئەم بابەتەش نایەتە دی بە پلاندانانی ورد و بەردەوام کرانی ئەو چالاکییانە نەبێت.

سەبارەت به هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئابووریی وڵاتیش، ڕابەڕی مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئاماژەی بەوە دا که له هەڵسەنگاندنەکاندا، دەبێ  تاڵ و شیرین لە پاڵ یەکدا چاولێ بکرێت و بە تێکڕایی ھەڵبسەنگێندرێن.

Image Caption

«ئایەتوڵڵا خامنەیی» جەختی لەوەش کردەوە کە کێشە ئابوورییەکان تەنیا تایبەت بە ئێران نین، بەڵکو کەمتاکوت هەموو وڵاتان بە وڵاتانی خاوەن ئابووریی بەهێز و پێشکەوتووشەوە بەدەست کێشەی ئابووری و تەنانەت مایەپووچبوونی بانکەکان و قەرزە نائاساییەکانەوە دەناڵێنن و وتیشی: بەرپرسانی حکومی هەروەها چالاکانی ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی دەبێ هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەمساڵ بە کەمکردنەوەی تاڵی و زیادکردنی سەرکەوتنەکان ببێتە ساڵێکی شیرین بۆ گەلی ئێران.

بەڕێزی سەبارەت بە ساڵی ١٤٠٢ جەختی کرد: کێشەی سەرەکی و تەوەرەیی وڵات لە ئەمساڵیش ھەر  ئابوورییە. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە کە هیچ کێشەیەک لە کەرتەکانی دیکەدا نییە. لە وڵاتدا کێشەی فەرهەنگی و سیاسی جۆراوجۆر هەیە، بەڵام ئەگەر حکومەت و مەجلیس و چالاکانی ئابووری و چینە جەماوەرییە گەنج و مەبەستمەندەکان ھەەموو هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک کۆ کەنەوە، ئەوا زۆر کێشەی دیکەش چارەسەر دەبن.

Image Caption

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی چارەسەریی کێشەکانی خەڵکی بە وابەستەی چالاکییە بنەمایی و سەرەکییە ئابوورییەکان لەوانە بەرهەمهێنان و کاری مرۆیی بۆ وێنە هاوکاریی گشتی و یارمەتیدانی جەماوەری و بە تایبەت پشتگری کردن لە چینەلاوازەکانی کۆمەڵگا زانی و وتیشی: لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی دیکە لە تنیشتی بەرهەمهێنان دا پرسی گرینگی سەرمایەنانەوەیە کە دەبێت بەرپرسانی حکومەتی و  کەرتی تایبەت گرنگییەکی زۆری بدەنێ.

Image Caption

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە دواکەوتوویی وڵات لە بواری وەبەرهێنان و سەرمایەنانەوە لە ساڵانی نەوەدەکاندا جەختی لەوە کردەوە کە: یەکێک لە بۆشاییە جدییەکان پرسی وەبەرهێنان و سەرمایەنانەوەیە کە دەبێت بە پلاندانان بەستێنی بۆ خۆش بکرێت و بچێتە واری جێبەجێ کردنەوە.

بەڕێزی ئاماژەی بەوەش کرد: بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ڕەھەندانە بەتایبەت پرسی هەڵاوسان وەک کێشەی سەرەکی و بەرهەمهێنان وەک کلیلێکی دەربازکردنی وڵات لە کێشە ئابورییەکان، دروشمی ساڵی 1402 «کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان و گەشە پێدانی بەرهەمهێنان» ڕادەگەیەنم.

Image Caption

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختی لەوەش کردەوە کە: بەرپرسان و چالاکانی ئابووری، چالاکانی جەماوەری و ڕۆشنبیری، هەروەها ڕادیۆ و تەلەفزیۆن کە ئەرکی دروستکردنی فەرهەنگ و کلتووریان لە ئەستۆیە، پێویستە هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەو دوو بابەتە چڕکەنەوەو ھەتا لە پلەی یەکەم دا هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکرێت و لە پلەی دووھەمدا، بەستێن بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنان خۆش بکرێت.

ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە کۆتایی پەیامە نەورۆزییەمەی دا، وێڕای خاکەڕایی دەربڕین لە ھەمبەر حەزرەتی ئیمامی مەھدی (عج) و ئاواتی پایەبەرزی بۆ ڕۆحی پاکی ئیمام خومەینی(رە)و شەهیدانی نەمر، لە خودای گەورە و تاقانە بۆ گەلی ئێران لە ساڵی تازەدا داوای کامەرانی و نوێ بوونەوەی ڕۆژو ڕسق و بەختیاری و کامەرانیی کرد.

Image Caption