ئەمیر عەبدوڵڵاهیان داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ڕێکخراوەی هاوکاریی ئیسلامیی کرد
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی هاوکاریی ئیسلامی خوازیاری کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بوو بۆ تاوتوێ کردنی هێرشی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەراوێزی بەرنامەکانیدا لە پەکین، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ «حسێن ئیبراهیم تەها» ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوەی هاوکاریی ئیسلامی سەبارەت بە هێرش و سوکایەتی کردنی ئەم دواییە بە مزگەوتی ئەقسا لەلایەن ڕژێمی زایۆنییەوە بیروڕای گۆڕییەوە.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە سەر پێویستیی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی بەپەلەی ڕێکخراوەی هاوکاریی ئیسلامی لە ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام بۆ تاوتوێ کردنی هێرشی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا و ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمەڕ پێشکەش کردنی ھەرچەشنە هاوکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە کردەوە.
«ئەمیرعەبدوڵڵاهیان» لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی دا هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆک کۆماری ئێران و سەرۆک کۆماری ئەندۆنێزیاش کردو ئەمینداری گشتیی ڕیکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامیی لە پلانەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم بوارەدا ئاگادار کردەوە.
«حسێن ئیبراھیم تەھا»ئەمینداری گشتیی ڕیکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامیش لەم وتووێژە تەلەفۆنییەدا وێڕای ئیدانەکردنی هێرشی ئەم دواییەی زایۆنییەکان بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا، باسی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەکەی کرد لە ئاستی لێژنەی ڕاپەڕاندن دا لە ڕۆژی یەکشەممە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کردەوەی سوکایەتی کارانەی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنی.