ته‌مووز 23, 2023 12:42 Asia/Tehran
  • سەردار سەلامی: هەرکەسێک سوکایەتی بە قورئان بکات سەلامەت نابێت

فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەڵێ هەرکەسێک سوکایەتی بە قورئانی پیرۆز بکات، سەلامەت نابێت و درەنگ یان زوو دەستی تۆڵەی خەباتکاران توندترین سزا بۆ ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دیاری دەکات.

بە گوێرەی ڕاپۆڕتی هەواڵدەری فارس سەردارحوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "لە دوبارەبونەوەی سوکایەتیکردن بە قورئان و پیرۆزییەکانی موسڵمانان دەردەکەوێت کە ئەم کارە ستراتیژ و سیاسەتێکی خراپی دژە ئیسلامە کە جارجارە لە ژێر دروشمی فریودەرانەی ئازادی ڕادەربڕین و بیروڕا لەلایەن گروپە بەکرێگیراوەکانەوە دەردەکەون، بەتایبەتی لە ئەوروپا".

ناوبراو وتی : ئەم کارانە بوەتە هۆی زیادبونی یەکڕیزی و یەکگرتویی ئومەتی ئیسلامی

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم کارانە بوەتە هۆی زیادبونی یەکڕیزی و یەکگرتویی ئۆمەتی ئیسلامی، بەتایبەتی نەوەی گەنج لە سەرانسەری جیهان، ئەمە جگە لەوەی هەستی مسوڵمانان لە دژی دوژمنانی ئیسلام وروژاندووە.

فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختی لە پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێن و میکانیزمی خۆپارێزی بۆ کۆتاییهێنان بە "سیاسەتی دژی ئیسلام و هەمو کردەوەی دوژمنکارانەی قورئان و پیرۆزییەکانی موسڵمانان" کردەوە لە لایەن وڵاتانی ئیسلامی و حکومەتە ئیسلامییەکانەوە، وتی، "ڕێگە نادەین ئەو کەسانەی کە قورئان دەکەنە ئامانج سەلامەت بن".

21ی ئەم مانگە، گروپێکی توندڕەوی دانیمارک و دژە ئیسلامی، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزیان لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنهاگن سوتاند، 28ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیش لە یەکەمین رۆژی جەژنی قورباندا پەنابەرێکی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا کۆپییەکی قورئانی لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم سوتاند.

20ی ئەمانگەش سەلوان مومیکا جارێکی دیکە بێڕیزی بە کۆپییەکی قورئان و ئاڵای عێراقی لەبەردەم باڵیۆزخانەی بەغدا لە ستۆکهۆڵم کرد، ئەوەش وایکرد عێراق بڕیاربدات کە باڵیۆزی سوید لە وڵاتەکەی دەربکات و باڵیۆزی خۆشی لە ستۆکهۆڵم کشاندەوە و پەیوەندی دیپلۆماسییەکانی پچڕاند.

 

سەرپەیڤ