نیسان 22, 2024 12:10 Asia/Tehran

ڕێبەری مەزنی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پێیداگرت: هێزە چەکدارەکان سیمایەکی باشیان لە لێهاتوویی و تواناکانیان و هەروەها سیمایەکی جێیشانازییان لە گەلی ئێران خستە بەرچاو و دەرکەوتنی ویست و ورەی بەرزی گەلی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتییان سەلماند.

حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە دیداری ژمارێک لە فەرماندەرانی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێراندا بە پیرۆزبایی کردنی ڕۆژی ئەرتەش و هەروەها ساڵڕۆژی دامەزرانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە دەسکەوتەکانی ئەمدواییەی هێزە چەکدارەکان بۆتە هۆی هاتنەئارای هەستێکی پڕشکۆ و مەزنایەتی لەبارەی ئێرانی ئیسلامییەوە لە پێش چاوی هەموو خەڵکی جیهان و چاودێرانی جیهانییەوە، فەرمووی: مەسەلەی هەژماری مووشەکی تەقێندراو و یان هەژماری ئەو مووشەکانەی ئامانجەکانیان پێکاوە کە لایەنی بەرامبەر تەرکیزی کردۆتە سەری، مەسەلەی لاوەکییە، مەسەلەی سەرەکی دەرکەوتنی توانای ویست و ورەی گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و سەلماندنیەتی، کە لایەنی بەرامبەریش لەوە زیز و زویرە. 

حەزرەتی ئایەتووڵلا خامەنەیی بە ڕێزگرتن لە بە تەگبیرجوڵانەوەی هیزە چەکدارەکان پێیداگرت: هەر ڕووداوێک خەرج و دەسکەوتی تایبەت بە خۆی هەیە و گرینگ ئەوەیە کە بە ئاوەزمەندانە جوڵانەوە، خەرج و بەرج کەم بکرێتەوە و دەسکەوتەکان زیاتر ببن و ئەوەش هەمان کارە کە هێزە چەکدارەکان لە ڕووداوەکانی ئەمدواییەدا بە باشترین شێوە جێبەجێیان کرد. بەڕێزیان بە دەربڕێنی ڕێز و سپاس بەرامبەر بە هەوڵ و چالاکییەکانی سپا، ئەرتەش و هێزی ئینتیزامی، ڕاسپێری کرد بە هێزە چەکدارەکان کە بەردەوام بن لە هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنایەتی و دوژمنان بە پشت بەستن بە نوێکاری و دەسپێشخەری و داهێنان، هەروەها جەختیشی کرد: یەک چرکە ساتیش نابێ ڕاوەستین لەبەر ئەوەی کە ڕاوەستان بە مانای پاشەکشەیە، کەوایە دەبێ نوێکاری و داهێنان هەبێ لە چەک و کەرەستەی جەنگی و شێوە و شێوازەکاندا و هەروەها ناسینی شێوە و شێوازەکانی دوژمن دەبێ بەرنامەی سەرەکی بێ. 

ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە پلە و پێگەی گەلی ئێران دەبێ لە پێش چاوی هەموو جیهان بەرز بێ ، فەرمووی: لەگەڵ هەوڵ بۆ دیتنەوەی بەهرەکان و هێزە لێهاتوو و داهێنەرەکان، متمانە بە خوای گەورە بکەن و پشت بە ئەو ببەستن و بزانن کە بەڵێنی خوای گەورە سەبارەت بە پاراستنی ئیمانداران حەتمی و نەگۆڕە.

ڕژێمی زایۆنی ڕۆژی دووشەممە یەکەمی ئاپریلی دووهەزار و بیست و چوار لە پەلامارێکی تیرۆریستی بۆ سەر بەشی کۆنسوڵیی باڵوێزخانەی ئێران لە دیمەشق، حەوت راوێژکاری باڵای سەربازیی ئێرانی شەهید کرد.

حەزرەتی ئایەتووڵلا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و فەرماندەری گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەو کردەوەی تێلاڤیڤی بە پەلاماردانی خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێران زانی و پێیداگرت ڕژێمی زایۆنی سزا دەدرێت. هەر لەم ئاراستەیەدا سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە چواردەی ئاپریل سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بە "ئۆپەراسیۆنی سزادەرانەی وەعدەی سادق" بە تەقاندنی درۆن و مووشەک بەرەو فەلەستینی داگیرکراو، دەستی دایە تەمێکردن و سزادانی ئەم ڕژێمە دەسدرێژکارە. 

سەرپەیڤ