حوزه‌یران 12, 2024 14:30 Asia/Tehran

بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە بریکس ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی یەکلایەنەخوازییەکانی ئەمریکایە، وتی ئێران دەتوانێ لە تەنیشت وڵاتانی بەهێزی دیکە، لە دیاری کردنی ئاراستەی داهاتووی جیهان دەور بگێڕێ.

عەلی باقری کەنی بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی بریکس سەردانی ڕووسیای کردووە، پێش بەجێهێشتنی نیژنی نووگروود وتی: بریکس لەبەر ئەوەی کە ئەندامەکانی گەورەترین بەرهەم هێنەران و بەکارهێنەرانی وزەن، زلهێزێکی ئابووریی حاشاهەڵنەگرە لە ئاستی جیهاندا. باقری وتیشی: بریکس لە دووی ئەوەیە بە ستراتژیی چەن لایەنە خوازی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان بەدیلێک دانێ بۆ یەکلایەنەخوازییەکانی ئەمریکا و نموونەکەیشی ناکامیی ئەمریکایە لە چارەسەرکردنی قەیرانی غەززە، سەرباری ئەو هەموو دزە و دەسەڵاتەی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا هەیەتی.

ناوبراو جەختی کرد: بریکس لە دووی جیهانێکی لە سەر بنەمای دادوەرییە کە تێیدا هەر وڵاتێک بە پێی توانا و پوتانسییەلەکانی، بەرپرسایەتی و مافی خۆی هەبێ و ئێران وەک ئەندامی بریکس دەتوانێ لە تەنیشت وڵاتانی بەهێزی دیکەدا، دەوربگێڕێ لە دیاریکردنی ئاراستەی چارەنووسی جیهاندا. باقری بە ئاماژە بەوەی کە ئێران بە زیرەکی و شارەزاییەوە، بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆی و هەروەها بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی سەربەخۆ پێ و شوێن دەگرێ، وتیشی: ئەندامەتی لە بریکس هەلێکە بۆ ئێران بۆ ئەوەی بتوانێ پێگەی خۆی وەکوو زلهێزێکی ناوچەیی، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەرز بکاتەوە و ئێران بە بەشداریی چالاکانە لە بریکس دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ دامەزرانی ئاشتی و گەشەیەکی پاوەجێ لە ناوچەکە و جیهاندا. 

سەرپەیڤ