حوزه‌یران 16, 2024 08:06 Asia/Tehran

حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە پەیامێکدا بۆ حاجییەکانی بەیتوڵڵاھولحەرام بە بۆنەی گەییشتنی ڕۆژەکانی حەججی ئیبراھیمی جەختی کرد:کۆبوونەوەی گەورەو ڕێ و ڕەسمی قورسی حەجج ھەچکاتێک بە چاوێکی تەگبیرمەندانەوە سەیری بکرێت، بۆ موسڵمان ھێزی دڵ و دەروون و سەرچاوەی دڵنیاییەو بۆ دوژمن و ناحەزان تۆقێنەرو سامناکە.

 بسم الله الرّحمن الرّحیم

والحمد لله ربّ العالمین و الصّلاة و السّلام علی خیر البریّة سیّدنا محمّدٍ المصطفی و آله الطّیّبین و صحبه المنتجبین و من تبعهم باحسان الی یوم الدّین.

بانگەوازی دڵڕفێنی ئیبراھیمی کە بە فەرمانی خوداوەند ھەموو مرۆڤەکان لە ھەموو سەردەمێکدا، لە کاتی ڕێ و ڕەسمی حەجج بانگێشتنی کەعبە دەکات، ئەمساڵیش دڵەکانی کۆمەڵێک لە موسڵمانانی لە سەرتاسەری جیھان، پەلکێشی ئەم بنکەی تاقانەپەرستی و یەکگرتووییە کردووە ئەم حەشیمەتە پڕشکۆو جۆربەجۆرە جەماوەرییەی پێکھێناوەو بەربڵاویی مرۆڤی و ھێزی کارای مەعنەویی ئیسلامی بۆ خۆی و بیانییەکان ئاشکرا کردووە.

کۆبوونەوەی گەورەو ڕێ و ڕەسمی قورسی حەجج ھەچکاتێک بە چاوێکی تەگبیرمەندانەوە سەیری بکرێت، بۆ موسڵمان ھێزی دڵ و دەروون و سەرچاوەی دڵنیاییەو بۆ دوژمن و ناحەزان تۆقێنەرو سامناکە.

جێگای سەرسوڕمان نییە ئەگەر دوژمنان و ناحەزانی ئوممەتی ئیسلامی ئەم دوو ڕەھەندەی فەریزەی حەجج بکەنە ئامانج و بە نیازی شێواندنی بن و گومان لە بارەیەوە ھەڵخڕێنن، ئینجا چ بە زەق کردنەوەی لایەنە یەکنەگرتووە ئایینی و سیاسییەکەی بێت و چ بە کەم کردنەوەو دابەزاندنی ئاستی پیرۆزایەتی و مەعنەوییەتەکەی.

قورئان حەجج وەک ھێمای بەندایەتی و زیکرو خشوع و خاکەڕایی، ھێمای کەرامەتی یەکسانی مرۆڤەکان، ھێمای ڕێک و پێک کرانی ژیانی ماددی و مەعنەویی مرۆڤ، ھێمای بەرەکەت و ڕێشاندان و ھیدایەت، ھێمای ھێوریی ئاکاری و سازانی کردەیی نێوان برایان و ھێمای بێزاری و یەکگرتن و ڕاوەستان لە ھەمبەر دوژمنان دەناسێنێ.

بیرکردنەوە لە ئایەتەکانی پەیوەست بە حەجج و ڕامان لە کردەو مەناسکی ئەم فەرزە بێ وێنەیە، ئەمانەو ڕەمزوڕازی لەم چەشنەمان لە پێکھاتەی قورس و چڕوپڕی حەججمان پیشان دەدا. ئێوە براو خوشکی بەجێ ھێنەری حەجج، لە ئێستادا لە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی ئەم ڕاستی و زانستە پرشنگدارانەدان. ھزرو کردەی خۆتانی لێ نزیکترو نزیکتر بکەنەوەو شوناسی دۆزراوەو ئاوێتەی ئەم چەمکە بەرزانە لەگەڵ خۆتاندا ببەنەوە بۆ ماڵەکانتان.ئەمە ھەمان دیاریی بایەخمەندو ڕاستەقینەی سەفەرەکەی حەجتانە.

ئەمساڵ پرسی بەرائەت زەقتر لە ڕابردووە. کارەساتەکەی غەززە کە لەمێژووی ھاوچەرخی ئێمەدا دەگمەنەو وێنەی نەبووەو ھەروەھا پڕکێشیی ڕژێمی بێ بەزەیی و ھێمای دڵڕەقی و ملھوڕایەتی و ھەڵبەت ڕوولە فەوتانی زایونی، ئیدی جێگای ھیچ جۆرە تێبینی و چاوپۆشییەکی بۆ ھەر کەس و پارت و حکومەت و ئایینزایەکی موسڵمان نەھێشتووەتەوە.

بەرائەتی ئەمساڵ دەبێ واوەتر لە وادەو دەرفەتی حەجج لە وڵاتان و شارەکانی موسڵمان نشین لەھەمووشوێنێکی جیھاندا بەردەوام بێت و واوەتر لە حاجییەکانیش بێت و بۆ یەکە بە یەکەی خەڵکیش بگوازرێتەوەو پەرە بستێنێ.

ئەم بەرائەت لە ڕژێمی زایونی و داکۆکیکارانی و بە تایبەت حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێ لە وتەو کردەی نەتەوەو حکومەتەکاندا ڕەنگ بداتەوەو تەنگ بە جەللادەکان ھەڵچنێت.

خۆڕاگریی پۆڵایینی فەلەستین و جەماوەری پشوودرێژو چەوساوەی غەززە کە شکۆی پشوودرێژی و خۆڕاگرییان، بووەتە ھۆی ستایش کران و ڕێزلێنرانیان لە لایەن حەڵکانی جیھانەوە، دەبێ لە ھەموو لایەکەوە پاڵپشتییان لێ بکرێت.

لە خوداوەند داوای سەرکەوتنی یەکجاری و خێرایان بۆ دەکەم و بۆ ئێوە حاجییە بەڕێزەکانیش خوازیاری حەججێکی قەبوڵکراوی خوداوەندم. دۆعای گیرای حەزرەتی بەقیەتوڵڵا (ڕۆحی فیدا) پشتیوانتان بێت.

والسّلام‌علیکم‌ورحمة‌الله

سەییدعەلی خامنەیی  ۴ زیحججەی‌ ۱۴۴۵ / ۲۲ جۆزەردانی ۱۴۰۳  

 

 

 

 

 

 

سەرپەیڤ