May 24, 2025 16:17 Asia/Tehran
  • شێی ماڵان؛ چارەسەرکردن و ڕێگریکردن لەڕێگەی بەکارهێنانی بەرهەمە سرووشتییەکان و ماددە کیمیاییەکان

وەرزەکان کاریگەرییان لەسەر بیناکان هەیە؛ بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا دیواری ماڵ و بیناکان بەهۆی بارینی باران و بەفرەوە کاریگەرییان لەسەر درووست دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شێداری و تەڕی و بۆن و کەڕوو و دڵۆپە لە بیناکە درووست ببێت و تەنانەت چەندین کێشەی تەندرووستی درووست دەکات؛ جگە لە دەرکەوتنی پەڵەی ناڕێک و ناشرین و کەڕوو لەسەر دیواری ناوەوەی ماڵەکە و درووستبوونی بۆنی ناخۆش و دڵۆپەکردنی ئاو.

شێی ماڵان لە کوێ درووست دەبێت؟

شێی ماڵان لە چەند شوێنێکی دیاریکراو لە بەشی ناوەوەی ماڵ لەسەر شێوەی پەڵەی سەوز یان پەڵەی زەرد درووست دەبێت؛ بۆیە هەر لەو جۆرە شێیەوە بۆگەنی و جۆرە کەڕوویەک درووست دەبێت کە زیاتر لەو شوێنانە درووست دەبن کە گەرم و تاریکن و ڕووناکی پێویستیان بەرناکەوێت لەگەڵ ئەو شوێنانەی کە هەواگۆڕکێیان تێدا کەمە و بەرکەوتنی زۆریان لەگەڵ ئاو هەیە. شێی ماڵان لە شوێنی تەڕ و شێداریش درووست دەبن بە تایبەتی لە شوێنی دەستشۆر و سەرئاو و گەرماو و چێشتخانەکان چونکە ئەو شوێنانە هەڵم و ئاوی لێیە.

هەندێک کات شێ لەسەر بەشی ناوەوەی دیوار و بنمیچی ئەو ژوورانەی ماڵ درووست دەبن کە دیواری بەشی دەرەوەیان بەرکەوتنی زۆریان هەیە لەگەڵ ئاوی باران و بەفر. هەندێک جۆری کەڕوو و شێی ماڵان هۆکاری چەندان نەخۆشین بۆ مرۆڤ؛ چونکە هەندێک کەس هەستیارییان بە شێ یان کەڕووی ماڵ هەیە، لەگەڵ بەرکەوتن یان بۆنکردنیان نیشانەکانی هەستیارییان لەسەر دەردەکەوێت.

 

ڕێگریکردن لە دەرکەوتن و درووستبوونی شێی ماڵان:

  •   هەواگۆڕکێی بەردەوام لە ڕێگەی کردنەوەی پەنجەرە و دەرگاکانی ماڵەوە.
  •   سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئاو لەکاتی پاککردنەوەی ماڵ.
  •   پێش دەستپێکردنی وەرزی باران و بەفر ڕووپۆشکردنی دیواری دەرەوەی خانوو بە چەند ماددەیەکی بۆ پارێزگاریکردن لە ئاوی باران.
  •   دانانی شووشەی دەبڵ بۆ پەنجەرەکان بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئاو.

 

چارەسەرکردن و ڕێگریکردن لەڕێگەی بەکارهێنانی چەند بەرهەمێکی سرووشتییەوه

خوێی زبر: یەکێک لە باشترین بەرهەمە سرووشتییەکان بۆ شێ خوێی زبرە، چونکە یارمەتیدەرە بۆ ڕزگاربوون لە شێ؛ بە دابەشکردن و پرژاندنی بڕێک خوێی زبر بەسەر ئەو شوێنانەی شێی تێدا درووست بووە بە تایبەت شوێنە تەسکەکان کە گەیشتنی دەست پێیان قورسە. چونکە دەکرێت بۆن و تەڕی شێیەکە کەم بکاتەوە.

سرکەی سپی: بە یەکێک لەو ماددە سرووشتییانە دادەنرێت کە یارمەتیدەرە لە چارەسەرکردنی شێی ناو ماڵدا؛ چونکە بەکارهێنانی سرکەی سپی یارمەتیی لابردنی بۆنی شێداری دەدات. هەروەها دژەکەڕووە و خێرا و کاریگەرە بۆ لابردنی ئەو بۆن و کەڕووەی کە بەهۆی شێەوە درووست دەبن.

بیکاربۆناتی سۆدیۆم (سۆدەی نان): یەکێک لە باشترین گیراوەکان بۆ ڕزگاربوون لە شێ بریتییە لە سۆدە، دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بە دانانی کەمێک لێی لەناو دەفرێکدا؛ پاشان دەپرژێنرێتە ئەو شوێنەی کە شێی تێدا درووست بووە، بە تایبەتی بۆ ناو کانتۆر یان ئەو شوێنانەی داخراون بەکار دێت. چونکە تایبەتمەندیی هەڵمژینی بۆنی شێی هەیە و کاریگەرە و خێرایە.

زەیتی داری چای: ئەم زەیتە دژە شێدارکەرەوەیەکی بەهێزە و ڕێگری دەکات لە درووستبوون یان مانەوەی شێ بۆ ماوەیەکی زۆر. هاوکات ئەم زەیتە هیچ بۆنێکی تێدا نییە کە زیان بە مرۆڤ بگەیەنێت.

 

بەکارهێنانی چەند ماددەیەکی کیمیایی بۆ چارەسەرکردنی شێی ماڵان

پێش بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی پێویستە دەسکێش و دەمامک بەکار بهێنرێت و دڵنیا ببنەوە لەوەی کە هەستیاریتان بەو ماددە کیمیاییە نییە کە بەکاری دەهێنن. هەروها زۆرێک لە ماددە کیمیاییەکان لەگەڵ ئاو بە تایبەتی ئاوی شلەتێنی نیمچەگەرم یان گەرم تێکەڵ دەکرێت پاشان بەکار دەهێنرێت. هاوکات پێش بەکارهێنان بۆ پێوانەکردنی ماددەکە و تێکەڵکردنی لەگەڵ ئاو کەوچکی قەبارە بچووک بەکار دەهێنرێت. چونکە ماددە کیمیاییەکان بەهێزن و زیانی تەندرووستیان هەیە، هاوکات دوای بەکارهێنان پێویستە هەواگۆڕکێ بۆ شوێنەکە بکرێت و پەنجەرە و دەرگاکانی بکرێنەوە. گرنگترین ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بەکار دەهێنرێن بۆ لەناوبردنی شێداری ماڵان بریتین لە:

کلۆر: کاریگەرییەکی زۆری هەیە لە ڕزگاربوون لە شێ؛ هەروەها یارمەتیدەرە لە ڕزگاربوون لە کەڕوو و بنبڕکردنی ئەو میکرۆبانەی کە لە ڕێگەی کەڕووەوە درووست دەبن.

ئەمۆنیا: ماددەیەکی کیمیایی زۆر بەهێزە و دژەکەڕوو و دژە شێدارییە؛ پێویستە پێش بەکارهێنان زۆر ئاگادار بیت و بڕێکی کەم لەگەڵ ئاوا تێکەڵ بکرێت پاشان بەکار بهێنرێت چونکە ماددەیەکی بەهێزە.

خاوێنکەرەوە کیمیاییەکان: زۆرێک لە خاوێنکەرەوە کیمیاییەکان ماددەی سپیکەرەوە و ماددەی جۆراوجۆری کیمیایی تێدایە کە دژەمیکرۆبن و دژەی بۆن و کەڕوو و شێدارین نموونەی فاس، دەکرێت بەهۆی تێکەڵکردنیان لەگەڵ ئاوی گەرمەوە پاشان بەکارهێنانیان بۆ ئەو شوێنەی کە کەڕووی کردووە یان شێی هەیە کاریگەر بێت لە کەمکردنەوەی بۆن و شێداری و کەڕووی ماڵان.

 

بنبڕکردن و چارەسەرکردنی لە ڕێگەی چارەسەری ئەندازیارییەوە

 

  •   بەکارهێنانی ڕێگریکەری شێداری (D.P.C).
  •   بەکارهێنانی ماددەی دژەئاو یان ماددەی دژەشێ.
  •   بەکارهێنانی تەکنیکەکانی چارەسەرییەکان بۆ پاراستن لە شێ (بە زیادکردنی چەند ماددەیەک بۆ تێکەڵەی بنیادنانەکە).
  •   بەکارهێنانی تەکنیکی دیواری بۆشایی (Cavit walls).
  •   پرژاندنی چیمەنتۆ یان گونیتینگ (Guniting).
  •   پڕکردنەوە بە پەستان یان بەکارهێنانی تەکنیکی پەستان بە چیمەنتۆ (Grouting).

 

 

سەرپەیڤ