تشرینی دووه‌م 30, 2018 19:46 Asia/Tehran
  • دەرکرانی بڕیاری قۆڵبەست کران بۆ بکوژانی جەمال خاشقچی

لە لایەن دادگەیەکی تورکیاوە بڕیاری قۆڵبەست کران بۆ بکوژانی "جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری ڕژێمی سەعوودی دەرکرا.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی سەباحی تورکیا، دادگایەکی تورکیا لە شاری ئەستەمبوڵ فەرمانی قۆڵبەست کرانی بۆ ئەو کەسانە دەرکرد کە تۆمەتبارن بە کوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئەستەمبوڵ دا.

لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی سەباحی تورکیا ڕۆژی هەینی وای بڵاوکردەوە، دادگای تاوانەکانی ئەستەمبوڵ بڕیاری قۆڵبەست کردنی بۆ ئەو کەسانە دەرکردووە، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودییە لە شاری ئەستەمبوڵ لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم دادگایەی تورکیا بە گوێرەی حوکمەکانی یاسای سزادانی تورکیا بڕیاری  دەستگیرکردنی ئەو تیمە ١٥ کەسییەی سعودیەی داوە لە هەر شوێنێک بن، بۆئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت .

جێگای ئاماژەیە ڕۆژنامەکەی تورکیا تەنانەت ناوی ئەو تیمە پێنج کەسییەی بڵاوکردووەتەوە کە لە مانگی ڕابردوودا چوونەتە تورکیا و بەشداربوون لە کوشتنی ئەو ڕۆژنامەنووسە عەرەبەدا.

ئەو بڕیارەی دادگای تورکیا لەکاتێکدایە کە، پێشتر وەزارەتی دادی تورکیا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردبوو، دەسەڵاتدارانی سعودیە ئاگاداربکەنەوە بە ڕادەستکردنی ١٨ تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە بە ئەنکارا، کەچی عادل جوبەیر وەزیری دەرەوەی سعودیە ڕایگەیاندبوو، ئەو تۆمەتبارانە لە سعودیە دادگایی دەکرێن.

جەماڵ خاشقچی ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعوودی دووی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ پاش چوونە نێو کۆنسولخانەی عەرەبستان لە ئەستەموڵی تورکیا بێ سەر و شوێن کراو دواتر ھەواڵی کوژرانی بە شێوەی فەرمیانە لە لایەن دەوڵەتی ڕیازەوە دانی پیادانرا.

کۆمەڵگای نێونەتەوەیی داوای ڕوون بوونەوەو وەڵامدانەوەی ڕاشکاوانەی ڕیازی کردووە لەم پەیوەندییەدا. ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەییش لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەواڵی کوژرانی خاشقچی ڕایگەیاند: کوژرانی جەمال خاشقچی بەم واتایەیە کە ڕەخنەگران تەنانەت لە دەرەوەی عەرەبستانیش لە ئەماندا نین.

ڕژێمی سەعودی ڕۆژی ھەینی ١٩ی ئۆکتۆبەر دوای ١٨ ڕۆژ بێ دەنگە لێکردن و بەدرۆ خستنەوە سەرەنجام لە ژێر گوشاری کۆمەڵگای جیھانی دا ئەوەی پشتراست کردەوە کە خاشقچی لە کونسولخانەی ئەم وڵاتە لە ئەستەموڵی تورکیادا کوژراوە.

ناوی "جەماڵ خاشقچی" ڕۆژنامەوانی ڕەخنەگرو نەیاری  ڕژێمی سەعوودی، لە لیستی کەسانی پێ و شوێنگیراوی کاربەدەستانی ڕیازدا بووە و ھەر لە بەر ئەمەش لە ترسی گیران و لەبەند کران، لە دەروەی عەرەبستاندا دەژیا.

 

سەرپەیڤ