کانونی دوھەم 28, 2023 14:56 Asia/Tehran
  • ڕەخنەی تورکیا لە بەردەوامیی دژایەتی کردنی ئیسلام لە ئەوروپا

لە بەرامبەر سوتاندنی قورئان لە چەند وڵاتێکی ئەورووپیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕەخنەی لە بەردەوامیی دژایەتی کردنی ئیسلام لە ئەوروپا گرت.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، «مەولود چاوشئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیا لە توییتێکدا لە وەڵامی ئەم کارەی توندڕەوانی ئەوروپی نووسیویەتی، "دوژمنایەتی بەرامبەر ئیسلام لە ئەوروپا ناوەستێت!"

ئەم دیپلۆماتکارە باڵایەی تورکیا ڕوو لە ئەورووپییەکان وتیشی: ئەو تۆوی ڕق و کینەیەی کە ڕێگە بە چاندنی دەدەن، هەموو کۆمەڵگاکەتان ژەهراوی دەکات.

چاوشئۆغڵو ڕاشیگەیاند، ئەم جۆرە هێرشە قیزەونانە ناتوانن شوێن لە سەر پیرۆزایەتیی ئایینی گەورەمان ئیسلام و کتێبە پیرۆزەکەمان دابنێن، بەڵام ئەو کەسانە زەلیل و سەرشۆڕ دەکات کە ئەم کارانە ئەنجام دەدەن و ڕێگەیان پێدەدەن.

موسڵمانان لە هەموو وڵاتانی جیهان بە بەرپاکردنی گردبوونەوەو خۆپیشاندان خوازیاری وەستاندنی دژایەتی کردنی ئیسلام لە ئەورووپا بوونە.

ئێرانییەکانیش ھاوتەریب  لەگەڵ موسڵمانانی دیکەی جیهان، ھەر لە پاکستانەوە بگرە ھەتا نەیجیریا، دوێنێ ھەینی بەرامبەر بە دژایەتی کردنی ئیسلام لە ئەوروپا خۆپیشاندانیان کردو کردەوەی ئەم دواییەی توندڕەوانی ئەوروپییان دژی قورئانی پیرۆز شەرمەزار کرد.

سەرپەیڤ