شوبات 15, 2023 03:21 Asia/Tehran
  • دیداری وەزیری دەرەوەی ڕژێمی زایۆنی و ئەردوغان لە ئەنقەرە

وەزیری دەرەوەی کابینەی ڕژێمی زایۆنی کە لەلایەن هاوتا تورکەکەیەوە لە ئەنقەرە پێشوازیی لێکرا، لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەش دیدار و وتووێژی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێشەممەی ئیرنا بە گێڕانەوە لە ڕۆژنامەی «ئەلقودسولعەرەبی»، وەزارەتی دەرەوەی ڕژێمی زایۆنی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە وەزیری دەرەوەی ئەم ڕژێمە، «ئێلی کۆهین» لە دیدارێکدا لەگەڵ «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»ی سەرۆک کۆماری تورکیا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھەردووک لە سەرھەوڵی پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمی ئیسرائیل و ئەنقەرە بەردەوام دەبن.

بە پێی ئەم بەیاننامەیە «کۆهین» هەروەها بەڵێنی دا کە لە ئاراستەی پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنی و تورکیا پێشکەشکردنی یارمەتییەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە تورکیا بەردەوام بکەن.

جەختیشی کردەوە: پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیا بۆ سەقامگیریی ناوچەکە گرنگە و لەم ماوەیەی دواییدا هەوڵمان داوە پتەوتری بکەینەوە.

ئەم بەرپرسەی ڕژێمی زایۆنی لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: ھاوڕێ بۆ ڕۆژی تەنگانەیەو ئیسرائیل دەستی یارمەتی درێژ دەکات و لەگەڵ نەتەوەی تورکیا ھاوسۆزی دەردەبڕێت.

کۆهین لە دیدارەکەی لەگەڵ ئەردۆغان هەروەها باسی دۆسیەی ئەو دیلانەی زایۆنی کرد کە لە دەستی  خۆڕاگرانی فەلەستینی لە کەرتی غەززەدان و بە هۆی پەیوەندییە باشەکانی ئەنقەرە و بزوتنەوەی حەماس ئەو بابەتەی بە وردی لەگەڵ ئەردۆغان تاوتوێ کرد.

بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕژێمی زایۆنی، لەم دیدارەدا، کۆهین هەروەها دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانیشی لەگەڵ ئەردۆغان لێک دایەوە.

سەرەڕای چڕبوونەوەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لەدژی فەلەستینییەکان لەپاش دەستبەکاربوونی کابینەکەی ناتانیاهۆ، ڕۆژی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئەم ڕژێمە بە بیانووی تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی بوومەلەرزە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە لە ئەنقەرە پێشوازیی لێ کرا.

سەرپەیڤ