نوێ ترین ڕێژەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا ڕاگەیەندرا
بە پێی ڕاگەیاندنی وەزیری نێوخۆی تورکیا ڕێژەی گیان لە دەست داوانی کارەساتە سروشتییەکەی ئەم مانگەی تورکیا لە ٤٣ ھەزار کەس تێپەڕی.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی تورکیا، وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاندووە، لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی ٦ی ئەم مانگەی وڵاتەکەی و رۆژانی دوایی، تائێستا ٤٣ هەزار و ٥٥٦ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٨٠%ـی ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکانیش، زیانیان بەرکەوتووە.
«سولەیمان سۆیلۆ» وەزیری نێوخۆی تورکیا شەوی ڕابردوو لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان جەختی لەوەش کردەوە کە، لەئێستادا ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی وڵاتەکەیەوە بۆ ٤٣ هەزار و ٥٥٦ کەس بەرزبووەتەوە.
ناوبراو ئەوەشی خستووەتەڕوو کە، ٨٠%ـی ناوچە بومەلەرزەلێدراوەکان زیانیان بەرکەوتووە، بۆیە هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی لەماوەی دوو مانگدا ١٠٠ هەزار خانوی کۆنتێنەر بۆ ئەوانەی بێ ماڵو حاڵ کەوتوون، دابین بکەن.