ئادار 16, 2023 17:01 Asia/Tehran
  • پەک کەوتنی کۆبوونەوە چوار قۆڵییەکەی مۆسکۆ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پەک کەوتنی کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی ڕووسیا، تورکیا، ئێران و سوریای لە مۆسکۆ ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیم، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا، تورکیا، ئێران و سوریا کە بڕیار بوو لەم حەوتەیەدا بەڕێوە بچێت، بۆ وادەیەکی دیاری نەکراو دواخرا.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکارییەکانی ئەم هەواڵە بکات، ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەکە بە هۆی هۆکاری تەکنیکییەوە دواخراوە.

«مەولود چاوشئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیا حەوتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران، سوریا، تورکیا و ڕووسیا لەم حەوتەیەدا لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت بە ئامانجی ئامادەکردنی مەرجەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکراوە سەبارەت قەیرانی سوریا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران «ناسر کەنعانی» پێشتر ڕایگەیاندووە کە ئێران بەشداری لە کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی مۆسکۆ دەکات.

«میخائیل بۆگدانۆڤ» جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لەم دواییانەدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران، سوریا، تورکیا و ڕووسیا لە مۆسکۆ کرد و هیوای خواست لەمیانەی ئەو دیدارانەدا، ناکۆکیی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق کەم دەبێتەوە و پەیوەندی دیپلۆماسیی نێوان هەردووک وڵاتەکە بووژێتەوە.

سەرپەیڤ