نیسان 11, 2023 15:47 Asia/Tehran
  • چاوشئۆغڵو: کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی ئێران، ڕووسیا، سوریاو تورکیا لە مانگی مای دا بەڕێوەدەچێت

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی ئێران، ڕووسیا، سوریا و تورکیا لە سەرەتای مانگی مای لە مۆسکۆ بەڕێوە دەچێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سپۆتنیک، «مەولود چاوشئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە، لە کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد (سەرۆک کۆمارانی تورکیا و سوریا) یان هەر کۆبوونەوەیەک لە ئاستی وەزیراندا بە هیچ دەستکەوتێکی سیاسی ناگەین.

چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی میسر بۆ ئەنقەرە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وتی: دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی تورکیا ڕەنگە ئەردۆغان و سیسی (سەرۆک کۆمارانی تورکیاو میسر) پێکەوە کۆببنەوە،کە ھەڵبەت ئەوە بۆ بڕیاری ئەو دوو سەرۆکە دەگەڕێتەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها وتیشی: لە کاتی سەردانەکەی سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر بۆ ئەنقەرە، ڕەنگە کاتی گەڕانەوەی باڵیۆزی دوو وڵات دیاری بکەین.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەولود چاوشئۆغڵو ڕایگەیاند: قبوڵ ناکرێت کە ناتۆ ڕێککەوتنی تورکیا لەگەڵ سوید بکاتە مەرجێک بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ (لە ئەمریکاوە) بۆ ئەنقەرە، چونکە ڕێگریکردنی تورکیا لە پەیوەست بوونی ستۆکهۆڵم بە سوپای ناتۆ بەهۆی پشتگیریی سویید لە جوداخوازانی کوردە.

سەرپەیڤ