باڵوێزی تورکیا لە بەغدا: ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە خاکی عێراق ڕێزێکی تەواوە بۆ یەکپارچەیی خاکی عێراق
لە کاتێکدا کە ئەم ڕۆژانە پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق و پێشڕەویی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بەرەوڕووی نەیارەتیی توندی پارت و گرووپە جۆاروجۆرە عێراقییەکان بۆتەوە، ئانیل بۆرا ئینان باڵوێزی تازەی تورکیا لە بەغدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو ئۆپەراسیۆنە بەردەوامانەی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە چوارچێوی ڕێزێکی تۆکمە و تەواودایە بەرامبەر بە یەکپارچەیی خاکی عێراق.
"ئانیل بۆرا ئینان" باڵوێزی تازەی تورکیا لە بەغدا بە دەربڕینی ڕێز و سپاس بەرامبەر بە بڕیارەکەی محمد شیاع السودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ناوهێنانی پەکەکە وەکوو پارتێکی قەدەغەکراو لە نامە و نووسراوە فەرمییەکانی عێراقدا، وتی: ئۆپەراسیۆنی تورکیا لە خاکی عێراق ڕێزێکی تەواوە بۆ یەککپارچەیی خاکی عێراق.
هەرچەن بە بڕوای شارەزایانی سیاسیی ئەم قسانەی باڵوێزی تورکیا بێڕێزییەکی تەواوە بە هەر هەموو عێراقییەک، بەڵام ناوبراو بە بێ لەبەرچاو گرتنی پەرەی ناڕەزایەتی و تووڕەیی پارتەکان، کۆتلەکان و کەسایەتییە عێراقییەکان لە بەردەوام بوونی داگیرکرانی خاکی وڵاتەکەیان لە لایەن سوپای تورکیاوە، بانگەشەی کرد کە ئەو پەلامارانە بەشێکن لە پرۆسەی بەرەوپێشەوە بردنی دانوستانەکانی نێوان کاربەدەستانی دوو وڵات پاش سەفەری "هاکان فیدان"ی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق لە مانگی ئاگوستی ٢٠٢٣دا کە لەو دانوستانانەدا، میکانیزمێکی ئاسایشیی ڕوون لەلایەن ئەم دوو وڵاتەوە دیاری کرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە.