روسیا دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا
وەزارەتی تەندروستی روسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە دەستیانکردوە بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا.وەزارەتی تەندروستی روسیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە دەستیانکردوە بە بەرهەمهێنانی ڤاکسینی (سپوتنیک V)، کە لەلایەن بنکەی توێژینەوەی بایەلۆژی نیشتیمانی (گامالیا) پەرەپێدراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە پلانیاندایە لە پاش سێ هەفتەی دیکە هەڵمەتی کوتانی هاوڵاتیان بە ڤاکسینەکە لە وڵاتەکە دەستپێبکەن.
پێشتریش میخائێل مۆراکشۆ، وەزیری تەندروستی روسیا رایگەیاندبو، پڕۆسەی کوتان بە ڤاکیسنی دژە کۆرۆنا بۆ هاوڵاتیانی روسیا بێبەرامبەر دەبێت.بەپێی بەیاننامەکانی وەزارەتی تەندروستی روسیا، ڤاکسینی (سپوتنیک V) بۆ ماوەی دوساڵ بەرگری لە دژی پەتای کۆڤید-19 لە جەستەی مرۆڤدا دروستدەکات، 17ی ئەم مانگەش بەیاننامەکان لەبارەی دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکان و تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینەکە لە سەر مرۆڤ بڵاودەکەنەوە.
پێشتریش کیریل دیمیتریڤ، بەڕێوەبەری گشتی سندوقی وەبەرهێنەرانی روسیا رایگەیاندبو، 20 دەوڵەت داوای دابینکردنی ملیارێک لە ڤاکسیەکەیان لە حکومەتی روسیا کردوە.