تشرینی یه‌که‌م 20, 2020 07:02 Asia/Tehran
  • ھەڵوێستی سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی لە سەر ھێرش کرانە سەر نووسینگەی پارتی لە بەغدا

«فاڵح فه‌یاز» سه‌رۆکی ڕێکخراوەی حەشدی شه‌عبی ڕۆژی دوشه‌ممه‌ لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھێرشکرانە سەر نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی کرد: به‌ئامانج گرتنی ناوه‌نده‌ دیپلۆماسیه‌کان کارێکی تێکده‌رانه‌ و سه‌رپێچیی یاساییه‌ و ئەوەش لە ھەمبەر باره‌گای پارتی دیموکراتی کوردستان کرا کردەوەیەکی تاوانکارانە بوو .

«فالح فه‌یاز» له‌ لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی دا، رایگه‌یاندووە: به‌ ئامانجگرتنی ناوه‌نده‌ دیپلۆماسیه‌کان کارێکی نایاساییه‌ و قسه‌کردنیش له‌سه‌ر تێوه‌گلانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ چه‌ند کێشه‌یه‌کی ئه‌منی وڵات نادادپه‌روه‌ریه‌.

ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، هه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی سه‌ربازی له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت بێت، به‌یاسا لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت، حه‌شدی شه‌عبیش به‌رپرس نییه‌ له‌هه‌ندێک له‌و که‌سانه‌ی که‌ بە ناوی لایه‌نگرانیه‌وه‌ کاری نایاسایی و تێکده‌رانه‌ ده‌که‌ن.

سه‌رۆکی  ڕێکخراوەی  حەشدی شه‌عبی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، ئه‌و که‌سانه‌ی ناوه‌نده‌ دیپلۆماسیه‌کان ده‌که‌نه‌ ئامانج، که‌سانی له‌یاسا ده‌رچوون، سه‌باره‌ت به‌سوتاندنی باره‌گای پارتیش له‌به‌غدا بە داخەوەن و ئه‌و کاره‌ بە تاوانکاری دەزانن، له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانیشه‌وه‌ لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ پێکهێندراوه‌، هەر لەو روەشەوە، نزیکەی ١٨ کەس لەسەر ئەو کارە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

«فالح فه‌یاز» لە کۆتایی قسەکانی دا وێڕای بە جێی قەبوڵ نەزانینی وتەکانی «ھۆشیار زێباری»ش لە بارەی حەشدی شەعبییەوە، ڕایگەیاند: «مستەفا کازمی» سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیش ھیچ گرفتێکی لەگەڵ حەشدی شەعبی دا نییەو پشتیوانیی لێ دەکات.

سەرپەیڤ