ئادار 01, 2021 23:23 Asia/Tehran
  • خۆپێشاندان شاری دیوانیەی عێراقیشی گرتەوە

خۆپیشاندان لە شاری دیوانییە دەستیپێکرد و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی خۆجێی دەکەن.

 

بەپێی میدیا عێراقییەکان ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئازار ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لە بەردەم بینای حکومەتی خۆجێی شاری دیوانییە (ناوەندی پارێزگای قادسییە) کۆبوونەوە.

داواکاریی خۆپیشاندەران دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی خۆجێییە، کە پێشتر 72 کاتژمێریان بۆ دیاریکرد بەمەبەستی ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی لەپشت بەئامانجگرتنی چالاکوانانەوەن، لەگەڵ لێپێچینەوەیان، لە بەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەکان هەوڵیاندا بۆ بڵاوەپێکردنیان.

خۆپیشاندەران لە هەردوو یەکتربڕی شەقامی کۆماری و پرسی هەڵواسراو لە ناوەندی شارەکە کۆبوونەتەوە و بەپێی میدیاکان ژمارەیان ڕوو لە زیادبوونەوە.

هەر ئەمڕۆ دەیان خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد کۆبوونەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاویانکردەوە کە پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی پارێزگای زیقار و داواکارییەکانیان دەکەن.

ماوەی هەفتەیەکە خۆپیشاندان لە شاری ناسڕییە لە پارێزگای زیقار سەریهەڵداوەتەوە و تا ئێستا چوار خۆپیشاندەر کوژراون و دەیان خۆپیشاندەر و کارمەندی پۆلیس برینداربوون.

خۆپیشاندەران پارێزگاری پێشوویان ناچارکرد هەینی ڕابردوو دەست لەکاربکێشێتەوە، ڕۆژێک دواتر پارێزگاری نوێ دەستبەکاربوو، بەڵام خۆپیشاندەران ماوەی سێ ڕۆژە داوای دەست لەکارکێشانەوەی ئەویش دەکەن.

سەرپەیڤ