ئەندامێکی دەوڵەتی یاسا داوای کاردانەوە بە لێدوانەکانی مەسرور بارزانی سەبارەت بە دادگای فیدڕاڵی دەکات
ئەندامێکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق بە بڵاو کردنەوەی پەیامێک، سەبارەت بە نافەرمانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم هەمبەر حوکمی دادگای فیدراڵی کاردانەوەی نیشان دا.
عەقیل فەتلاوی لە تویتێکدا لەم بارەوە نووسی: هێشتا چاوەڕوانی کاردانەوەی فراکسیۆنی سەدر و هاوپەیمانی عەزم و تەقەدوم سەبارەت بە بەیاننامەی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و هاوپەیمانیی سیادە لەسەر نافەرمانی و بە فەرمی نەناسینی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نەوتی هەرێمی کوردستانین.
شیاوی باسە مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە، دژایەتی خۆی لەگەڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم و قەدەغەی دەرھێنان، هەناردە کردن و فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمی ڕاگەیاند و جەختی کرد هەولێر بە پێی یاسای نەوت و گازی پەسەند کراو لە پەرلەمانی هەرێم کار دەکات.