پێکدادانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لەبەردەم ناوچەی سەوزی بەغدا
لایەنگرانی رەوتی سەدری عێراق بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان لەبەردەم ناوچەی سەوز گردبوونەوە و هەوڵیان دا جارێکی دیکە بچنە ژوورەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی شەفەق نیوز، لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە)ەوە لەبەردەم زۆنی سەوزی بەغدا گردبوونەوە و پلانیان دانابوو پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هەمان کاتی دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان بچنە ناو زۆنی سەوزەوە، بەڵام لە لایەن ھێزەکانی ئاسایشتەوە رێگرییان لێکرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە شەوی ڕابردووەوە دەیان لایەنگری سەدر چوونەتە ناوچەکانی دەوروبەری ناوچەی سەوز. هەروەها هێزە ئەمنییەکان ئەو شەقامانەی کە بەرەو گۆڕەپانی تەحریر دەڕۆن داخستووە و بەربەستی چیمەنتۆیان داناوە.
سەرباری ئەمەش لە دەوروبەری ناوچەی سەوز، ھاوکات لەگەڵ دەست پێکرانی دانیشتنەکەی پەرلەمان ، پێکدادانێکی قورس لەنێوان ئاژاوەگێڕان و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو. بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، هەموو ئەو کەسانەی گرد بووبوونەوە لایەنگری موقتەدا سەدر نەبوون و بەشێکیشیان فەرمان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق وەردەگرن.
خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن، لە کاتێکدا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ڕێگەی یاسایی خۆی هەیە، کە لەو پەیوەندیەدا رەوتی سەدر نەیتوانیوە بە ئامانجی خۆی بگات.