ئه‌یلوول 29, 2022 06:39 Asia/Tehran
  • سەیید موقتەدا سەدر: بەشداریی پرۆسەی سیاسی ناکەم و لەگەڵ دانوستانیش دا نیم

ڕابەری رەوتی سەدری عێراق ھاوکات لەگەڵ دەست پێ بوونەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی ئەم وڵاتە، جارێکی دیکە جەختی لە بەشداری نەکردنی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کردەوە.

کۆمەڵێک لە بەرپرسانی عێراق داوایان لە «سەیید موقتەدا سەدر»ی ڕابەری رەوتی سەدری عێراق کردووە ھەتا رەزامەندی لەسەر داواکارییەکانی پەیوەست بە بەشداری کردنی لە گفتوگۆی نیشتمانیی ئەم وڵاتەدا بدات.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی سومریەنیوز؛ «موقته‌دا سه‌در» ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ھاوکات لەگەڵ ده‌ستپێکرانه‌وه‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی په‌رله‌مان دوای پەک کەوتنێکی دوو مانگه‌، له‌ به‌یاننامه‌یه‌ک دا بەتوندی ھەڵیکوتایە سەر گروپ و کۆتلە سیاسییه‌کانی دیکه‌.

بەیاننامەکەی «موقتەدا سەدر» لە دۆخێکدا دەرچووە کە هەموو هەوڵەکانی رەوتی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، لەوانەش هێرش بۆ سەر دادگای باڵای داد لەماوەی دوو مانگی رابردوودا، شکستیان هێنا.

لە بەیاننامەکەی «موقتەدا سەدر»دا هاتووە: نیشتمان لە پێگە و دەسەڵات و چەک و پلان و موڵک و ماڵی ئێوە گرینگترە. ئێمە قەت لە بارەی نیشتمیانەوە بێ دەربەست نین و قەت هاوبەشیمان لەگەڵ ئێوەش دا نابێت و ئاشتی ناکەین و لەگەڵ دانوستانیش دا نین.

«موقتەدا سەدر» جەختی لەوەش کردەوە کە: ئامادە نییە بەو فۆرموڵەی ئێستا بەشداری بکات و ھەتا ئەوکاتەش کە دەستەڵاتداران و میکانیزمی ئێستاو ئەم یاسا بنەڕەتییە زاڵ بێت ، ئامادە نییە سازش بکات .

سەرپەیڤ