شوبات 02, 2023 19:38 Asia/Tehran
  • پەیمان نوێ کردنەوەی قوتابیان لەگەڵ ئارمانجەکانی ئیمام خومەینی (رە) لە نەجەفی پیرۆز

کچە قوتابییەکانی شاری نەجەف بە ئامادەبوون لە ماڵە مێژووییەکەی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) بەیعەت و پەیمانیان بۆ ئارمانجەکانی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نوێ کردەوە.

دوێنێ (چوارشەممە)، ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠١ ی کۆچیی ھەتاوی ڕێککەوت لەگەڵ ١ی ڕەشەمەی ٢٠٢٣، دەستپێکی دەیەی متفەڕکی فەجری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بوو.

٤٤ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی کۆچیی ھەتاوی (١ی فڤریەی ١٩٧٩)، ئیمام خومەینی (ڕە) دامەزرێنەری مەزنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش پانزە ساڵ دابڕان و دوورخرانەوە لە نیشتمانەکەیان، لە گەرمەی پێشوازیی پڕ لە جۆش و خرۆشی خەڵک، گەییشتنەوە خاکی ئێرانی ئیسلامی.

بەپێی  ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممەی ئاژانسی هەواڵدەریی ئێران پرێس،خوێندکارانی قوتابخانەی عەلەوی لە نەجەفی پیرۆز هاوکات لەگەڵ سەرەتای دەیەی فەجری سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی سەردانی ماڵی ئیمام خومەینی (رە)یان لەم شارە پیرۆزەدا کرد.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، سروودەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە هاوکات لەگەڵ ئامادەبوونی قوتابیان لە ماڵی ئیمام خومەینی (رە) لە نەجەف وترایەوە.

ماڵە مێژووییەکەی ئیمام خومەینی (رە) لە نەجەفی پیرۆز لەم ڕۆژانەدا بە بۆنەی چل و چوارەمین ساڵگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی شایەتحاڵی پەیمان نوێ کردنەوەی ئەویندارانی شۆڕشی ئیسلامی  لەگەڵ ئارمانجەکانی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ماڵەکەی ئیمام خومەینی (رە) لە نەجەفی پیرۆز بۆ ماوەی ١٥ ساڵ شوێنی خەباتی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەمبەر ڕژێمی پاشایەتی بوو.

سەرپەیڤ