نیسان 22, 2023 19:10 Asia/Tehran
  • عەممار حەکیم: ھەتا سەرکەوتن بەسەر داگیرکەراندا ، ناوەستین

سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق لە میانەی وتاری جەژنی ڕەمەزاندا ڕایگەیاند: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دەرکردنی داگیرکەران.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی میهر، «سەیید عەمار حەکیم» ڕابەری بزوتنەوەی حیکمەتی نیشتیمانی عێراق لە وتاری جەژنی ڕەمەزان لە بەغدا وتی: یەکێک لە دەستکەوتەکانی عێراق شەڕکردنە لە دژی تۆڕو ڕێکخراوە تیرۆریستییە تاریک پەرستەکان و تێکشکاندنیان، کە ئێستا پەنایان بردووەتە بەر بیابان و شاخ و داخ، زۆرێک لە پاشماوەکانیشیان بەرەو دەرەوەی عێراق هەڵاتوون.

ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق بە ئاماژە بە دەستکەوتە نێودەوڵەتییەکانی عێراق وتیشی: دەستکەوتێکی درەوشاوەی دیکە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گۆڕینی عێراقە لە وڵاتێکی گەمارۆدراوەوە بۆ وڵاتێکی قبوڵکراو و ڕێزمەند کە بەدوای ئاشتی لە جیهاندا دەگەڕێت.

حەکیم جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم دەستکەوتە دەرەنجامی سیاسەتی دەرگای کراوەو هاوکاری و بێلایەنیی بنیاتنەرو ڕێزگرتن لە یەکترو بە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیی نزیککردنەوەی ڕوانگەکان لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان و چارەسەرکردنی قەیرانە سەختەکان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و جیهان و گۆڕینەوەی عێراق بۆ وێستگەیەکی پەیوەندیی ئەمن لە نێوان وڵاتان لە ئاراستەی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەیە.

ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ئەمڕۆ عێراق بە هێزی لۆژیکەوە نەک بە لۆژیکی ھێزەوە و، بە چەکی دیالۆگ و نەک بە چەکی تێکدەرو، بە دەرگای کراوەو نەک دەرگای داخراوەوە گەڕاوەتەوە سەر شانۆی نێودەوڵەتی ، وتیشی: ئا بەمجۆرەیە کە شایەتی بەرپاکرانی  کۆڕوکۆبوونەوەی ھەرێمی لە بەغدا میوانداری کردنی شاندە ناوچەیی و واوەناوچەییەکانین.

«حەکیم» جارێکی دیکە بە توندی ئیدانەی دەستدرێژی و توندوتیژی نواندنی بەردەوامی ئیسرائیل و پێشێلکردنی مافەکانی نەتەوەی ستەملێکراوی فەلەستینی کرد و جەختی لەوەش کردەوە کە: فەلەستین پرسی سەرەکی و یەکەمی عەرەبەکان و موسڵمانان دێتە ئەژمارو دیارە ئێمەش ھەتا سەرکەوتنی یەکجاریی ستەملێکراو بەسەر ستەمکارو، سەرکەوتنی خاوەن ماف و نیشتیمان بەسەر داگیرکەراندا ناوەستین.

ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراق بە پێشوازیکردن لە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئێران و عەرەبستان وتی: ئەم دوو وڵاتە ئاسانکاری و ھانەی پێویستیان بۆ دیالۆگ و لێکگەییشتن و بەشداریکردن لە گەشەپێدان و سەقامگیریی ناوچەکە ھەیەو عێراقیش زیاتر لە هەموو وڵاتێکی دیکە پاڵپشتیی ئەم وتووێژانە دەکات و زیاترین سوودو قازانجیشی لێ دەبات.

سەرپەیڤ